نەهرۆ سەباح
بەرخۆدانێک کە چەندین دەیەیە بەردەوامە و تا ئێستا نازانین چی بەروارو ساڵێک ئێمە ئاهەنگی ئازادبوونمان دەگێڕین، لە چ سەدەیەک دا ئێمە نەفەسی سەربەستی هەڵدەکێشین، لەوەتەی بوونمان هەیە دەستی دۆستایەتیمان درێژ کرد بۆ هەموو نەتەوەو بیروباوەڕە جیاوازەکانی سەر ئەم هەسارەیە، نەک هیچ کام لەوان دەستی دۆستایەتیان نەگرتین بەڵکو زیاتر ژێردەستەیان کردین، نەک هیچ بیرو باوەڕو ئایدۆلۆجیایەک لەخۆی نەگرتین بەڵکو هەموویان پلانی قڕکردنیان داڕشتین، ئێمە کە هیچ ڕۆژێک هەق و مافی کەسمان نەخوارد، کەچی لە سەد زەمەن و کاتی جیاواز حەق و مافمان خورا، ئێمە کە قەد ستەممان نەکرد و لە ستەمکاران نەبووین کەچی هەموو لاپەڕەکانی مێژوو شایەتی ستەملێکراوی ئێمە بوو
هەروەک مامۆستا هەژار منافی فەرمووی:
من هەمیـشە چوار ناسنامەم هەڵگرتووە
کەچـی لە هەموو بازگەیەک جێی گومانم
من هەمیشە بە چوار زمان قسە ئــەکەم
کەچی هیچ کەس لێم تێناگات وەک ئەوەی زمان نەزانم
من هەمیشە پێنج فەڕزەکەم هەر یەکەیان چوار جار ئەکەم
کەچی هێشتا بڕوا ناکەن موسڵمانم
من هەمیشە سەربازی ژێر چوار ئاڵام
کــەچی هەر بـــێ نیشتیمانــــــم…
لەکۆتای دا بەرخۆدانی کوردان سەردەکەوێت گەرچی ڕێگاکە دورو درێژ و سەخت بێت، گەرچی هەورازەکان دژوارتر بن، ئێمە ماندوو نین وە ناشبین ، کۆڵمان نەدا وە کۆڵیش نادەین، داهاتوو هی ئێمە یە