دڵدار لوقمان
لەم وێنەیەدا، مێژوو بە جۆرێکی تر خۆی دەنووسێتەوە. منداڵێک دەبینین کە هێشتا زمانی بۆ گۆکردنی ناوی “نیشتمان” ڕانەهاتووە، بەڵام هەنگاوەکانی مانا و شکۆی نیشتمان دەڵێنەوە. ئەمە تەنها وێنەی کۆرپەیەک نییە؛ ئەمە وێنەی ئیرادەی تێکنەشکاوی نەتەوەیەکە کە لە ناو بێشکەوە فێری بەرگری دەبێت.
ئەم منداڵە دوو ساڵ و نیوە، بەو مەمکە مژەیەی ناو دەمی، پێمان دەڵێت کە ئەو هێشتا لە تەمەنی یاری و نازدایە. لەهەمان کاتیشدا ئامدەی چەک هەڵگرتنە بۆ بەر بری لە نیشتیمانەکەی و بە ئاڵاکەی سەرشانی پەیامێکی توند بۆ دوژمنان و جیهان دەنێرێت: “ئێمە نەوەیەکین، پێش ئەوەی فێری نان خواردن ببین، فێری عەشقی خاک و نیشتمان دەبین.
ئەو بە تەنها دەڕوات، بەڵام هەزاران ساڵ مێژووی لەپشتە. هەر هەنگاوێکی، دەنگدانەوەی هاواری ئازادییە بۆ کوردستان. ئەو دەیسەلمێنێت کە، خاک یەکە، بۆ ئەو، سنوورە دەستکردەکان بوونیان نییە؛ ئاڵاکەی سەر شانی هەموو کوردستانە، بە بەرائەتی مناڵانەی خۆی بە هەموو جیهانی ووت، داهاتوو لە دەستێکی ئەمیندایە، نەوەی نوێی کورد، نەوەی “تەسلیمبوون” نین، ئەو کەس فێری نەکردووە چۆن لە پێناو نیشتماندا بڕوات ئەگەرچی بە تەنها ش بێت، بەڵام خۆڕسکانە بە غەریزەی کوردایەتییەوە بەرەو مەیدانی شەرەف هەنگاو دەنێت.
ئەمە عەشقی نیشتمانە؛ کە لە شیری دایکەوە دەستپێدەکات و لە ئاڵایەکدا دەبێتە ناسنامەی هەتاهەتایی.