بەهۆی ناجێگیری دۆخی سیاسی و بازاڕی دراو لە عێراق خواستێکی زۆر بۆ کڕینی زێڕ لەلایەن هاوڵاتیانەوە دروست بووە سەرەڕایی هەڵەوسانی بازاڕی زێڕ لە جیهاندا .
عەباس جبووری، پسپۆڕی ئابووری دەڵێت بەداخەوە پلانێکی ستراتیژیی درێژخایەنمان نییە بۆ پاراستنی موڵک و ماڵمان، خۆ گەمارۆی ئابووریشمان لەسەر نییە، کەرتی بازرگانیمان بەهێزە، بۆیە ناگاتە ئەوەی ئاستی بەهای دینار وەک بەهای تومەنی ئێرانی لێبێت. هەر 100 دۆلار لە نزیکەی 150 هەزار دینار دەبێت، بەڵام ئەمەش مەترسیدارە، چونکە هاوردەکردن گران دەبێت و ژیانی خەڵک سەخت دەبێت لە عێراق.
یەدەگی زێڕی عێراق 171 تۆنی تێپەڕاندووە، ڕوانگەی ئابووری عێراقیش هۆشداری دەدات لەوەی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنان یان وەبەرهێنان و هەر هۆکارێکی تر، حکوومەتی عێراقی دەستکاری یەدەگی زێڕەکەی بکات، ئابووری وڵاتەکەی دادەڕوخێت.
کولتووری کڕینی زێڕ لە جیهانی بازرگانیدا نوێ نییە، بەڵام لەم ساڵانەی کۆتاییدا خەڵکێکی زۆر زیاتر لە عێراق دەستیان کردووە بە کڕینی زێڕ، چونکە دواجار بەهۆی ئەو شڵەژانەی کە لە بازاڕی دراودا هەیە، متمانەیان بە دینار و دۆلار نەماوە.