ئەنجومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی ئەمشەو لە
ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، زیاتر لە 10 ساڵە بەهۆی بڕیار و سیاسەتی هەڵەی دەسەڵاتدارانی هەرێم، لە دۆخێکی دارایی و ئابوریی سەختدا دەژین، بەڵام دوای دەرچونی بڕیاری دادگای فیدراڵی و ڕێککەوتنی نەوتیی نێوان هەرێم و بەغدا؛ ئومێدێک هەبو کێشەکان بەرەوچارەسەر بچن.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەداخەوە بەهۆی بێباکی و خەمساردی دەسەڵاتدارانی شکستخواردوی هەرێم ، کێشەکانی دواکەوتن و دابەشنەکردنی موچە، نەک درێژەیان هەیە و تا ئێستا چارەنەکراون، بگرە زیاتر و قوڵتر بونەتەوە.
بەگوێرەی ڕایگەیەندراوەكە، ئومێدەواربوین دوای ئەو کۆدەنگییە نەتەوەییەی بۆ پرسی ڕۆژاڤا دروستبو؛ پاش ئەوەی گەلی کورد لە هەمو پارچەکانی کوردستان و تاراوگە، ئەرکی نەتەوەیی خۆیان زۆر بەباشی جێبەجێکرد، دەسەڵاتدارانی هەرێم بە خۆیاندا بچنەوە.
دەشڵێن وەك دەبینین دەسەڵاتداران تا بێت بێباکتر دەبن و لە ئەفراندن و دابەستەکردنی تەواوی قەیران و کێشەکان و نەدان و دزینی موچەدا، خەنیی و شاگەشکەن کە هیچ جەلادێک لە مێژو و ئێستادا ناتوانێت شان لە شانیان بدات .
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی دەشڵێن، ئێمە لە ئەنجومەنی سەرتاسەریی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی بە پێویستی دەزانین هەڵوێستی خۆمان لە چەند خاڵێکدا بخەینەڕو:
یەکەم: پشتیوانی هەمو هەڵوێستێکی مامۆستایان دەکەین؛ لەپێناو ڕەتکردنەوەی سیاسەتی برسیکردن و دواکەوتن و دابەشنەکردنی موچە.
دووەم: پێویستە بەزوترین کات، بڕیاری بەناو وەزارەتی دارایی هەرێم، بۆ ڕاگرتنی موچەی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانەی (هەژماری من)ی دەسەڵاتدارانیان پڕنەکردوەتەوە هەڵبوەشێتەوە.
سێیەم: پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی شارستانیی دەستپێبکاتەوە؛ کە بە نایاسایی و نائەخلاقیی چەندین ساڵە ڕاگیراوە.
چوارەم: چارەنوسی مووچەی مانگەکانی (11 و 12)ـی ساڵی ڕابردو یەکلایی بکرێتەوە، کە دەسەڵاتی ماوەبەسەرچو تاوانباری یەکەمە لە دیزەبەدەرخۆنەکردنی.
پێنجەم: بەهەمیشەییکردنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست لە تەواوی دامودەزگا حکومییەکاندا.
ئەنجومەنەكە لە كۆتاییدا دەشڵێت، “داواکارین مامۆستایان و فەرمانبەران و هاوڵاتییان، لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەی داواکارییەکانمان؛ ساز و ئامادەبن بۆ هەڵویستی توند و سەرتاسەریی دژی دواکەوتن و دزینی موچەکانمان؛ دڵنیابن چۆن لە ئاستی (کەزی-بڕین) بێدەنگ نەبوین؛ لەئاست موچەبڕینیش بێدەنگ نابین”.