دۆناڵد تارەمپ سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسی: “خامنەیی، کە یەکێکە لە شەڕەنگێزترین کەسەکانی مێژوو، مردووە.” دواتر لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی فەرمیی NBC News ڕایگەیاند کە ئەوان پێیان وایە هەواڵی کوژرانی خامنەیی “ڕاستە” و زۆربەی سەرکردایەتییە باڵاکانی ئێران کۆتاییان هاتووە. هەروەها ترەمپ داوای لە گەلی ئێران کرد کە ئەمە وەک دەرفەتێک بەکاربهێنن بۆ گرتنەدەستی دەسەڵات.
بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە وتارێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند کە شوێنی نیشتەجێبوون و بارەگای خامنەیی خاپوور کراوە. ئەو ئاماژەی بەوە کرد کە “ئاماژەی زۆر هەن کە ئەم دیکتاتۆرە چیتر لە ژیاندا نەماوە.”
چەندین بەرپرسی ئەمنی و هەواڵگریی ئیسرائیلیش بەبێ ناوهێنان بە ئاژانسە جیهانییەکانی وەک ڕۆیتەرز و واشنتن پۆستیان پشتڕاست کردووەتەوە کە خامنەیی لەو هێرشە ئاسمانییانەدا کوژراوە.
میدیا فەرمییەکانی ئێرانیش وەک ئاژانسەکانی تەسنیم و میهر، بەتوندی کوژرانی خامنەییان ڕەتکردەوە. بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی نووسینگەی ڕێبەری باڵا ئەم بانگەشانەی بە “شەڕی دەروونیی دوژمن” وەسف کرد بۆ تێکدانی ورەی خەڵک.
تا ئەم کاتەش عەلی خامنەیی بە هیچ ڤیدیۆ یان وتارێکی ڕاستەوخۆ دەرنەکەوتووە بۆ ئەوەی بەڵگەی سەلامەتیی خۆی بخاتە ڕوو کە ئەمەش گومانەکانی بە شێوەیەکی بەرچاو زیاتر کردووە.