بەختیار محمد شریف
لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا، چالاکوانان وەک چاوی کۆمەڵگە دەبینرێن، بەڵام لە هەرێمی کوردستان، چالاکبوون زۆرجار بە واتای خستنە مەترسیی ژیان و مەترسی خێزان و ئاییندە دێت. ئەو کەسانەی بڕیار دەدەن دەنگ هەڵبڕن، دەچنە ناو جەنگێکی نایەکسانەوە لەگەڵ کەسانی پلە باڵادا کە تێیدا یاسا هەمیشە ناتوانێت بییانپارێزێت.
لە هەرێمی کوردستان جۆرەها مەترسی لەسەر ژیانی چالاکوانان هەیە وەکو:-
١. هەڕەشەی جەستەیی و ڕفاندن:
چالاکوانانی کوردستان بەردەوام لەژێر سێبەری هەڕەشەی تەلەفۆنی و نامەی بێناونیشاندان لە زۆر حاڵەتدا، چالاکوانان لەلایەن “هێزی نەناسراو” یان دەزگا ئەمنییەکانەوە ڕفێندراون یان لەسەر شەقامەکان هێرشیان کراوەتە سەر بەبێ ئەوەی هێرشبەران سزابدرێن لە نمونەی تەقەکردن و بریندار کردنی ڕۆژنامەنووس (هێمن مامەند) لە چەند مانگی پێشوو کە بە ئاشکرا و بە بەرچاوی خەڵکەوە تەقەی لێکراو بریندار کرا تەنها لەبەر ئەوەی چالاکوانە و ڕەخە لە دەسەڵات ئەگرێ .
٢. تیرۆری مەعنەوی (شکاندنی کەسایەتی):
یەکێک لە مەترسیدارترین جۆرەکانی فشار، هێرشی ئەلیکترۆنییە. (پەیج و ئەکاونتە ساختەکان) بەکاردەهێنرێن بۆ ناشرینکردنی ناوبانگی چالاکوان، بڵاوکردنەوەی درۆ دەربارەی ژیانی تایبەتی، یان تۆمەتبارکردنیان بە “سیخوڕی” بۆ لایەنی بیانی، ئەمەش وەکو تۆڵەیەک بۆ پەلاماردانیان بەکاردێت.
٣. ڕاوەدوونان و زیندانیکردن:
بەکارھێنانی یاسا وەک چەکێک دژی چالاکوانان مەترسییەکی گەورەیە. زۆرجار بە تۆمەتی تەمومژاوی وەک “تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی” یان “ناوزڕاندن”، چالاکوانان دەخرێنە زیندانەوە، کە ئەمەش مەترسی ئەشکەنجە و ئازاردانیانیش دروست دەکات.
٤. بڕینی بژێوی و گوشار خستنە سەر خێزان:
هەندێک جار فشارەکان تەنها لەسەر خودی چالاکوانەکە نین، بەڵکو درێژ دەبنەوە بۆ خێزانەکەی. دوورخستنەوە لە سەر کار ، بڕینی مووچە، یان هەڕەشەکردن لە کەسە نزیکەکانی، وا دەکات چالاکوانەکە لەژێر فشارێکی دەروونی تونددا بێت کە مەترسییەکەی کەمتر نییە لە مەترسی جەستەیی.
بۆچی ئەم مەترسیانە بەردەوامی هەیە؟
هۆکاری سەرەکی بۆ بەردەوامی ئەم مەترسییانە بریتییە لە “بێ سزا مانەوە”. کاتێک کەسێک هێرش دەکاتە سەر چالاکوانێک و دەزانێت پشتیوانی حیزبی یان ئەمنی هەیە و ڕووبەڕووی دادگا نابێتەوە، ئەمە دەبێتە هاندەر بۆ دووبارەبوونەوەی تاوانەکان ،
واتا هەموو جارێک تاوانکارەکان دەستی هەردوو دەسەڵاتی (پارتی و یەکێتی)یان لەپشتە.
لێرەوە پێم باشە پەیامێک ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بکەم ،
بێدەنگی لە ئاست پاراستنی ژیانی چالاکوانان لە هەرێمی کوردستان، ڕێگە خۆش دەکات بۆ خنکاندنی دوایین دەنگە ئازادەکان. پێویستە پاراستنی چالاکوانان بکرێتە مەرجێکی سەرەکی بۆ هەر جۆرە هاوکارییەکی سیاسی و سەربازی لەگەڵ دامەزراوەکانی هەرێم تاکو چیتر دەسەڵات نەتوانێت دەنگە ئازاو ئازادەکان کپ و بێدەنگ نەکات .