هەرێم عەزیز
گەندەڵی دیاردەیەکی لەمێژینەیە لەگەڵ دروستبوونی مرۆڤایەتیدا سەری ھەڵداوە ، سنوور بڕە پەیوەست نیە بە کۆمەلگایەک یان وڵاتيکی دیاریکراو ، لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی دیکە بە ڕێژەی جیاواز بوونی ھەیە ، تەنانەت لە ناو یەک دەوڵەتدا لە کاتێکەوە بۆ کاتێکی دیکە بە ڕێژە و فۆرم و شێوازی جۆراوجۆر بەدی دەکرێت،ھەر بۆیە بنبڕکردنی مەحاڵە و ھەوڵەکان بۆ دژایەتیکردنی مەبەستی سنووردار کردنیەتی.
گەندەڵی زیاتر لە گۆمەڵگا دواکەوتوە دیکتاتۆریەکاندا بەربڵاوە ، لەو دەوڵتانەی کە دەناڵێنن بە دەست ناجێگیربوونی دۆخی سیاسی و نەگونجانی کۆمەڵگا بەھۆی جیاوازی نەتەوەیی و ئاینی ، لەگەڵ ئەو کۆمەڵگایانەی بەقۆناغی ڕاگوزەر بەرەو دیموکراسی تێدەپەڕن . بڵاوبونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان و تەشەنەسەندنی بە ڕێژەیەکی بەرچاو لەسەرجەم یەکە کارگێڕیەکان دا بەتایبەتی گەندەلی سیاسی رێکخراو پەیوەستە بە زۆر ڕەھەندی یاسایی ، سیاسی ، ئابوری ، کۆمەڵایەتی …ھتد .
ئەوەی جێی داخە ئەم گرفتە لەھەرێمی کوردستان ئاستی دیاردەی تێپەڕاندووە بوە بەنەریتێکی باوی ناو کۆمەڵگا، بەشێوەیەک تا ئەو ڕادەیەیی خۆ دەوڵەمەندکردن لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی بۆتە یەکێک لە نیشانەکانی جوامێری و قۆستنەوەی فرسەت لەلایەن ڕێژەیەکی بەرچاو لە بەرپرسانی دامەزراوە کارگێری و داراییەکان بە دامەزراو و ھەڵبژێردراوەوە لە سەرجەم دەسەڵاتەکاندا.
ھەرێمی کوردستان بەقۆناغێکی سەخت و دژواردا تێدەپەڕێت ئەستەمە بێ زیان لێی دەربچێت، لەلایەکەوە گیرۆدەی کۆمەڵە گرفتێکی سیاسی ، ئابوری ، کۆمەڵایەتی ، دەستوری بۆتەوە ، لە ئەنجامی پەرتەوازەیی و شکست لە بەڕێوەبردن و بەردەوامبونی دوو ئیدارەیی بەتایبەت لە ڕوی دارایی و سەربازی وھێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و بڵاوبونەوەی گەندەڵی لە ناو دەسەڵاتەکانی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری ، ھەروەھا زۆری ژمارەی دامەزراوەکانی چاودێری و لێپرسینەوە و ناکارامەییان لە بەجێ گەیاندنی ئەرکەکانیان و ڕۆڵنەگێڕانیان بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵ و سەربەخۆ و پیشەگەریانە جگە لە دەست تێوەردان لە کاروبارەکانیان و و لەلایەکی دیکەوە گۆشەگیرکردنی ھەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و ھەرێمایەتی لەبەرامبەر گێڕانەوەی ڕۆڵ بۆ حکومەتی فیدڕاڵ وەک سەنتەری بڕیار لە عێراقدا ، ھاوکات لەگەڵ بوونی کۆمەڵە حزبێکی پاشکۆی بەناو ئۆپۆزسیۆن کە بازرگانی بەدەنگی دەنگدەرانی ناڕازی دەکەن لە کۆمەڵگایەکی ناھوشیار و دواکەوتوودا.
هەرێم عزیز