هۆشیار عەبدوڵا
ئەوەی ڕودەدات شکستی مۆدێلی ڕۆژئاڤا نییە وەک هەندێک بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو نیشاندانی گرنگی و ڕادیکالییەت و بەهای مێژوویی ئەو مۆدێلەیە.
ئەو نایەی مەزڵوم عەبدی، نایەکی گەورە نییە تەنیا بۆ ئەحمەد شەرع، بەڵکو نایەکی گەورەیە بۆ تۆم باراک. هێزی ئەو نایەی مەزڵوم عەبدی لە دیمەشق لەوەدایە کە تەنیا نا نییە بۆ داگیرکەرانی کوردستان، بەڵکو نایە بۆ کۆی ئەو سیستمە سیاسییە جیهانییە کە دەیەوێت ژێردەستەیی و کۆلۆنیالیزم بکاتە دۆخێکی ئاسایی و نۆرماڵ.
ئەم «نا» یە نایەکی گەورەیە، کە دەشێت باجەکەی زۆر قورس بێت، بەڵام نا یەکە وەک نای هەمو شۆڕشگێڕە ڕاستەقینەکانی مێژو، قوڵ لە مێژودا دەنگدەداتەوە.
پەلاماردانی ڕۆژئاڤا، پەلامارێکە دوبارە دەیسەلمێنێتەوە،ڤکوردستان کۆلۆنییەکی نێودەوڵەتییە، بەو مانایە نا کە تەنیا دەوڵەتە داگیرکەرەکان لە داگیرکردنی سودمەندن، بەڵکو ستراتیژی خۆرئاواش لەسەر درێژەپێدان بەو شێوە کۆلۆنیالیزمە داڕێژراوە.
تۆم باراک لە خۆرهەڵات نییە تا کێشەکان چارەسەربکات، بەڵکو لێرەیە تا باشترین قەرەقۆز بدۆزێتەوە.
ئەوەی لە ساتێکدا پڕۆژەی ئیسلامی سیاسی و سیاسەتی خۆرئاوا تەواو یەکبگرنەوە، نەوەک شتێکی مەحاڵ نییە، بەڵکو واقعێکە لەگەڵ سەرەتاکانی شەڕی ئەفغانستانەوە تا ئێستا دەیبینین و هەمو ڕۆژێکیش دوبارەدەبێتەوە.
گەورەترین مەترسی لەسەر ئیرادەی ئێمە، ئەو گوتارە گرینۆکەیە سەبارەت بە بێکەسی کورد و نەبونی پشتیوانی… ئەوەی ئێستا ڕودەدات دەبێت زەنگێکی مەترسی گەورە بێت بۆ کوردانی باشور و ڕۆژهەڵاتیش کە ستراتیژی ئیشکردن و بەرەنگاریی خۆیان تەواو دابڕێژنەوە.