عەبدولستار مەجید
ئەگەرچی بەهۆی شەڕی ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی لەلایەک و ئێران لەلایەکی دیکە، ناوچەکە کەوتووەتە ناو باردوۆخێکی ئەمنیی و سەربازیی ئاڵۆزەوە، بەڵام بەبڕوای من و ئەو ئەزمونی سیاسیی خۆم، ئەم شەڕە هیچ ئامانجێکی ئەوتۆ بۆ دوو لایەنی دەستدرێژیکار دەستەبەر ناکات .
ئەوە راستە کە ئێران و تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەش روبەڕوی زیانی گەورەی ئابوریی و گیانیی دەبنەوە و، مێژووی ئەمریکاش ئەوەی سەلماندووە، کە هەر شەڕێکی کردبێ، بەبێ ئامانج و دەستکەوت ناچار بە پاشەکشە و جێهێشتن بوەە و کراوە .
بۆیە بەبڕوای من، گۆڕینی ڕژێمی حوکم لە ئێران، تەنها بە سێ ڕێگا دەکرێ و هیچ ڕێگەیەکیشیان بۆ ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی مسۆگەر نیە .
ڕێگای یەکەم: لەشکرکێشی و هێرشی زەمینی:
ئێران وڵاتێکی ئێجگار گەورە و فراوانە و هیچ وڵاتێکی دەوروبەری ئێرانیش جێگەی دڵنیایی نیە بۆ ئەمریکا تا داگیری بکات وەک ئەوەی لە ٢٠٠٣ لە عێراق کردی،هەرچەند دوای زیانێکی زۆری ماددی و گیانی عێراقی بەجێهێشت و، ٢٠ ساڵ لە ئەفغانستان بوو، بەپەلە پڕوزە دەربازی بوو، تورکیاش ڕێگەی نادات لە وڵاتی ئەوەوە هێرش بکرێتە سەر ئێران .
خۆ ئەگەر لە ئەگەر و گریمانەیەکی دووردا بشتوانێ ئەوە بکات، ئەوە بەهۆی فراوانی و سەختی جوگرافیای ئێرانەوە، وەک عێراق و ئەفغانستان و سۆماڵ و ڤێتنام لە کۆتاییدا بەجێی دێڵێ و ناتوانێ بمێنێتەوە و بە زەرەر و زیانێکی گەورەی ئابوری و سیاسیی و گیانییەوە دەکشێتەوە .
ڕێگای دووەم: تەقینەوەی جەماوەریی
ئەمە ئەو ئەگەرەیە کە ترەمپ و ناتانیاهۆ بەردەوام باسی دەکەن .
دەیانەوێ بە گورزی ئاسمانیی ئێران ماندوو بکەن تا خەڵکیش ڕاپەڕێت، بەلام ئەمەش بەلای دەوڵەتی ئێرانەوە ئەگەرێکی چاوەڕواننەکراوە .
ڕاستە بەشێک لە هاوڵاتیانی ئێران هاتنە سەر شەقام بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی وڵاتەکەیان،و هەندێ داواکاری ڕەوایان هەبوو وەک نان و ئازادی،بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕاوە و هەرجۆرە ناڕەزایەتی و هەوڵدانێک بۆ ڕاپەڕین، دەچێتە خانەی قەوارەی ژن و منداڵکوژی زایۆنییەوە .
بەبڕوای من، هاوڵاتیانی ئێرانیش ئەوەیان ناوێت و لەئێستادا ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی دوژمنی هاوبەشی گەل و دەسەڵاتی ئێرانە .
ڕێگای سێهەم: بەکارهێنانی بۆمبی ئەتۆم
ئەمەش سەرناگرێ، چونکە نە چارەسەرە، نە دەستبردن بۆی ئاسان و گونجاوە بەتایبەت کە ڕەنگە ئێرانیش گەیشتبێتە ئەوەی خاوەنی چەک و بۆمبی ئەتۆم بێت .
ئەی ئەنجام چی دەبێ؟؟
چەند ڕۆژێک ئەم شەڕە بەردەوامدەبێت، ئەمریکا و قەوارەی زایۆنی هەندێ ئامانج لە کوشتنی سەرکردەکانی ئێران و لەناوبردنی هەندێ توانا و دامەزراوەی ئێران بەدەستدەهێنن .
بەڵام ناتوانن دەوڵەت و ڕژێمی سیاسیی ئێران بڕوخێنن و لە کۆتاییدا ناچار بە دانوستان و گفتوگۆ دەبن و ترەمپ دێت و دەڵێت; ئامانجەکانمان پێکاوە و ئامادەین بۆ دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتی نوێی ئێران بەتایبەت کە خامنەیی نەماوە .