خۆپێشاندان لە ئێران بەردەوامە و تادێت ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئەو وڵاتە زیاتر دەبێت. لە ئێستادا زۆریەک لە وڵاتان هۆشدارییان بە هاووڵاتییانیان داوە، گەشت بۆ ئێران نەکەن و بە زووترین کات ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
ئەو وڵاتانەی هۆشدارییان لە گەشتکردن و مانەوەی هاووڵاتییانیان لە ئێران داوە ئەمانەن ( ئەمریکا، کەنەدا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئوستراڵیا، چیک، سوید، فینلاند، نەرویج، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، ژاپۆن، کۆریای باشوور، هیندستان، مالیزیا، رۆمانیا، بولگاریا و ئیسپانیا )
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی شارەکانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووەتەوە و نزیکەی هەفتەیەکە دەسەڵاتدارانی ئێران خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت و پەیوەندی تەلەفۆنیان بڕیوە.
چەند جارێک دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە گوتار و نووسینەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، ئەوان پاڵپشتی لە خۆپێشاندەرانی ئێران و داخوازییەکانیان دەکەن و وەڵامی تووندوتیژی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش لە دژی خۆپێشاندەران دەدەنەوە.
لە دوایین لێدوانیشیدا دۆناڵد ترەمپ رایگەیاند، پێیڕاگەیێندراوە، کە کوشتنی خەڵک لە ئێران وەستاوە و چیدی کەس لە سێدارە نادرێ، بەڵام گوتیشی، لێکۆڵینەوە لەو زانیارییە دەکەن.