ڕێبین محێدین ئەحمەد
دۆخی سیاسی لە هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە قۆناغێکی ئیفلیجیی مەترسیدار. ئەوەی ئێستا دەگوزەرێت تەنها ململانێیەکی ئاسایی نێوان دوو حزبی ڕکابەر نییە، بەڵکو گۆڕانکارییەکی ڕیشەییە لە هاوسەنگیی هێز و شێوازی هاوپەیمانێتییەکان, کە هەڕەشەی ڕاستەوخۆ لە بوون و مانەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات. لەم نێوەندەدا، پرسی کەرکوک و ڕێککەوتنە ژێرپەردەکانی ئەم دواییە، وەک گەورەترین نیشانەی ئەم لێکترازانە نەتەوەییە دەردەکەون.
کەرکوک؛ قوربانیی یەکەمی پەرتەوازیی کورد دۆخی کەرکوک و شێوازی پێکهێنانی حکومەتی خۆجێی ئەو شارە، تا بە گۆڕینی پارێزگار دەگات، گورزێکی کوشندە بوو لە یەکدەنگیی کورد. کاتێک یەکێتی نیشتمانی کوردستان پەنا بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ هێز و کوتلە عەرەبی و تورکمانییەکان دەبات، کە هەندێکیان بە نەیاری سەرسەختی مافەکانی کورد دەناسرێن، بۆ ئەوەی پۆستی پارێزگار یەکلایی بکاتەوە، ئەمە پەیامێکی ڕوون بوو: “بەرژەوەندیی حزبی پێش بەرژەوەندیی نەتەوەیی کەوتووە”. ڕێککەوتن لەگەڵ ئەو هێزانەی، کە ئەجێندای دەرەکی و ئیقلیمی جێبەجێدەکەن و دژی ماددەی ١٤٠ن، نەک هەر پێگەی کورد لە ناوچە دابڕێنراوەکان لاواز دەکات، بەڵکو دەستی هێزە نەیارەکان واڵاتر دەکات بۆ دەستوەردانی زیاتر لە کاروباری ناوخۆی کورد.
هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەیارانی پارتی یان نەیارانی کورد؟ کێشە گەورەکە لەوەدایە، کە یەکێتی بۆ دژایەتیکردنی پارتی، پەنای بردووەتە بەر ئەو هێزانەی لە بەغدا کە بە ئاشکرا کار بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم دەکەن. ئەمجۆرە لە “تەکەتول” و هاوپەیمانێتییە سیاسییە وایکردووە، کە حکومەتی هەرێم لە ناوخۆدا بەرەو بنبەست بڕوات. یەکێتی بە سیاسەتی لەگەڵ شەیتان بوون بۆ شکانەوەی دەستی پارتی و! پارتیش بەعینادییەکی خنکێنەر و خۆبەزلزانی، بۆ ئیحتیواکردنی هەم هاوپەیمان و هەم نەیارەکەی، ماڵی کوردیان بەڕادەیەک توشی شڵەژان کردووە، دوژمن ئاواتی پێخواستووە..! ئەنجامەکەشی تەنها پەککەوتنی ژیانی سیاسی و بژێویی خەڵک نییە، بەڵکو ئاراستەکردنی قەوارەی هەرێمە بەرەو نادیارێک، کە مەترسییەکانی زۆر زیاترن لەوەی سیاسییەکان و ئاگادارانی دۆخەکە، زاتی بکەن بیخەنەڕوو.
هەڕەشە لەسەر قەوارەی هەرێم ئەو بنبەستەی ئێستا حکومەتی هەرێمی تێکەوتووە، دەرئەنجامی ئەو ململانێ توندەیە. حزبەکان لە جیاتی ئەوەی لە هەولێر کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەغدا و وڵاتانی دراوسێیان کردووەتە مەیدانی یەکلاییکردنەوەی کێشەکانیان. ئەمەش وایکردووە کە بەغدا بە ئاسانی یاری بە کارتی مووچە و بودجە بکات، چونکە دەزانێت کورد یەکدەنگ نییە. ئەگەر ڕێککەوتنەکان بەو ئاراستەیە بڕۆن، کە هێزە نەیارەکانی کورد ببنە بڕیاردەر لە ناوچە کوردستانییەکان (وەک ئەوەی لە کەرکوک دەبینرێت)، ئەوا ئاییندەی سیاسی هەرێم بەرەو لێکترازانێکی جدی دەچێت.
مێژوو سەلماندوویەتی، کورد تەنها کاتێک دەستکەوتی هەبووە، کە لە بەغدا و بەرامبەر دەرەوە یەکدەنگ بووە. ئەوەی ئێستا یەکێتی و پارتی دەیکەن، نەک هەر دەستکەوت نییە، بەڵکو قومارکردنە بە چارەنووسی میللەتێکەوە. پۆستی پارێزگار یان هەر پۆستێکی تر لە بەغدا، بایەخی نییە ئەگەر لەسەر حیسابی پارچەپارچەکردنی ماڵی کورد و بەهێزکردنی نەیارانی کورد بێت. ئەگەر ئەم سیاسەتی “ڕێککەوتنە تاقییە” و پەراوێزخستنی یەکتر بەردەوام بێت، نەک هەر کەرکوک، بەڵکو قەوارەی هەرێمی کوردستانیش ڕووبەڕووی مەترسییەکی وجوودی دەبێتەوە…
لەکۆی وێنەی دۆخی ئێستای کوردستان و خوێندنەوەی سیاسەتی یەکێتی و پارتی، زۆر بەروونی تێدەگەین، یەکێتی و پارتی چەندە مەترسیدارن، کاتێک بابەتەکە دەگاتە بەرژەوەندی حزبی! نەک هاوپەیمانەکەی دوێنێ، بەڵکو کوردیشی بۆ دەکەن بەقوربانی..!