کۆتاییهاتنی قۆناغی یەکەمی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە چوارچێوەی ناوچە فیدراڵییەکان و گواستنەوە بۆ پەیوەندیی ئەمنی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا: قۆناغی یەکەمی ئەرکی سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق لەناوچە فیدراڵییە فەرمییەكان کۆتایی هات، ئێستاش گواستمانەوە بۆ پەیوەندییەکی ئەمنی دووقۆڵی لەگەڵ ئەمریکا. ئەم پەیوەندییە تیشک دەخاتە سەر چالاککردنی یاداشتەکانی لێکتێگەیشتن بۆ هاوکاری سەربازی و پەرەپێدانی توانای هێزە چەکدارەکانمان لە بوارەکانی کەرەستە و چەک و مەشق و ڕاهێنان و مانۆڕو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان بۆ دڵنیابوون لە ئامادەیی بەردەوامیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش .
هەماهەنگی هەرێمایەتی (دۆسیەی سوریا): قۆناغی دووەمی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە سوریا دەستیپێکردووە، هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانی بەردەوام دەبێت سەبارەت بە شکستی یەکجاری داعش لە سوریا بۆ دڵنیابوون لەوەی ئەو ناوچانە کاریگەری لەسەر ئاسایشی نیشتمانیمان نابێت. ئەمە هاوكات لەگەڵ جەختكردن لەسەر ڕۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق لە پێشكەشكردنی پاڵپشتی لۆجستی سنوربڕی ئۆپراسیۆنەكانیان لە سوریا لەرێگەی بوونیانەوە لە بنكەی ئاسمانی هەولێر، هەروەها سوپای عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش ئەنجام دەدات، لەکاتی پێویستدا لە بنکەی ئاسمانی (عەین ئەسەد)ەوە ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام دەدەن.
سەقامگیری ناوچەیی: هێزی سەربازی عێراق گەرەنتی بنەڕەتی سەقامگیری ناوچەکەیە، ئێمەش پابەندین بە پاراستنی سەروەری خۆمان و بنیاتنانی هاوبەشی ئەمنی دادپەروەرانە کە ڕێز لە بڕیاردانی سەربەخۆی عێراق بگرێت و بەشداربێت لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی.
بۆ جێبەجێكردنی بەیاننامەی حكومەتی عیراق لە 27ی ئەیلولی 2024 كە خشتەی زەمەنی بۆ كۆتایهێنان بە ئەركی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش دیاریكردووە، هەروەها بۆ جێبەجێكردنی ئەو بەیاننامە هاوبەشەی كە لە 6ی تشرینی دووەمی 2025 لەنێوان عێراق و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا دەرچووە لەبارەی ئایندەی پەیوەندییە ئەمنییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات، ئەمڕۆ بەوپەڕی شانازییەوە تەواوبوونی پرۆسەی چۆڵكردنی هەموو بنكەكانی ئەمریكاو بارەگاكانی فەرماندەیی لە ناوچە فەرمییە فیدراڵییەكانی عێراق، لەلایەن ئەو ژمارە كەمە راێژكارانەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعشەوە رادەگەیەنین؛ كە لە بنكەی ئاسمانی (عەین ئەسەد)و بارەگای فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان مابوونەوە، ئێستا ئەو شوێنانە لەژێر كۆنترۆڵی تەواوەتی هێزە ئەمنییەكانی عێراقدان.
ئەم دەستکەوتە بەدی نەدەهات بەبێ ئیرادەی سیاسی پتەوی حکومەتی عێراق و پلاندانانی ورد و هەوڵە نیشتمانی و پیشەییەکانی لیژنەی باڵای سەربازی بۆ کۆتاییهێنان بە قۆناغی یەکەمی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق، لە چوارچێوەی ناوچە فەرمییەکانی فیدراڵیدا؛ ئەم قۆناغە بریتی بوو لە هەڵسەنگاندنی دۆخ و توانای مەیدانی و ئۆپراسیۆنەكان و چەسپاندنی خشتەی زەمەنی بۆ كشانەوە.
ئامادەیی هێزەکانی عێراق: هێزە چەکدارەکانمان، بەهەموو لق و پێکهاتەکانیانەوە، ئێستا خاوەنی ئیرادە و توانای تەواون بۆ چەسپاندنی ئاسایش لە سەرتاسەری وڵاتدا. ئێمە بۆ جیهان دووپات دەکەینەوە کە داعش چیتر مەترسییەکی ستراتیژی دروست ناکات و هێزەکانمان توانای تەواویان هەیە بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی لە عێراق یان دزەکردنی لە سنورەکان.