جەیمس جێفری، نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ سوریا لە خولی یەکەمی دۆناڵد ترەمپ، رەتیدەكاتەوە هەڵوێستی نوێی ئەمەریکا بۆ سوریا “خیانەت” بێت لە کورد، بە دەنگی ئەمەریکای وتووە، بەرپرسانی ئەمەریکا هەمیشەو بە روونی بە دەستەڵاتدارانی کوردیان وتووە، پەیوەندی نێوانیان کاتی و تاکتیکیەو مامەڵەیەک بووە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بۆ تێکشکاندنی داعش.
راشیگەیاندووە، هەر لە سەردەمی ئیدارەی ئۆباماوە، ئێمە هەرگیز بە کوردمان نەوتووە بە تێپەڕبوونی کات پشتگیری لە هەرێمێکی کوردی دەکەین یاخود بە هێزی سەربازییەوە بەرگری لێدەکەین بەرامبەر هیچ لایەنێک جگە لە داعش و ئەسەد و هاوپەیمانەکانی کە بریتی بوون لە رووسەکان و ئێرانییەکان، بەڵام هەرگیز نەمانوتووە بەرگرییان لێدەکەین دژی ئۆپۆزسیۆنی سوریا یان حکومەتی نوێی سوریا. بەڵکو پێمان وتون پەیوەندییەکەمان کاتی و تاکتیکی و سەودای بەرژەوەندی هاوبەشە بۆ لەناوبردنی داعش.
سەبارەت بە داهاتووی سوریا و ئایندەی کورد لە سوریا، جەیمس جێفری ئاماژەی بەوەكردووە، بە کوردەکانمان راگەیاند ئێمە پشتگیری لە بڕیارنامەی ژمارە 2254ی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین.”
ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێکەوتی 18ی كانوونی یەكەمی 2015 بە کۆی دەنگ بڕیارنامەی ژمارە 2254ی تایبەت بە سوریا پەسەندکرد. بڕیارنامەکە داوای ئاگربەستی سەرتاسەری لە سوریا دەکات و نەخشەڕێگای چارەسەری سیاسیانە بۆ سوریا داوادەکات بە پابەندبوون بە یەکێتی، سەربەخۆیی، یەکپارچەیی خاک و کاراکتەری ناتایفی سوریا.
جەیمس جێفری بە دەنگی ئەمەریکاشی راگەیاندووە، حکومەتی راگوزەری سوریا بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع، ئێستا بە هاوکاری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هەنگاوەکانی ئەم بڕیارنامەیە جێبەجێ دەکات.