بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە ماڵپەری “الحرة”ی راگەیاندووە: دانوستانەکانی مەسقەت لە بنەمادا بۆ گەیشتن بە رێککەوتن رێكنەخرابوو، بەڵكو ئەوەی روویدا تاقیکردنەوەی نیەتەکان بوو، ئێمە ویستمان بزانین ئایا ئێرانییەکان ئامادەن بە جدی بەشداری بکەن و درێژە بە دانوستانەکان بدەن و خۆیان لە پەرەسەندن بەدوور بگرن تا ئەو کاتەی ئەم رێگایە بە کراوەیی بمێنێتەوە.
بەوتەی ئەو بەرپرسە ئەمریكیە، لە روانگەی واشنتۆنەوە، کۆتاییهاتنی دانوستانەکان بەبێ هەرەسهێنانی یان دابڕان گرنگتر بوو لە نەبوونی هیچ پێشکەوتنێکی بەرجەستە، وتوشەیەتی: کەس نەكشاوەتەوە، ئەوەش مەبەستەكە بووە.
راشیگەیاندووە، قۆناغی دواتر، ماوەی وەستانە نەک خۆرێكخستنەوە، هەردوولا دەگەڕێنەوە پایتەختەکانیان بۆ هەڵسەنگاندنی ئەوەی کە ئایا بەردەوامبونی زیاتر شایەنی تێچووی سیاسییە یان نا. ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمە پەنجەرەی دەرفەتە نەک رێڕەوێکی دانوستانی گشتگیر، ئەگەر ئێران وەڵامدانەوە نیشان بدات، دیپلۆماسی بەردەوام دەبێت، ئەگەر نا، بژاردەی دیکە لە ئێستاوە لەسەر مێز دانراوە.
جەختیشكردووە، دۆخی سەربازی نەگۆڕاوەو ئیدارەی ترەمپ بەڵێنی ئەوە نادات ماوەیەکی زۆر دان بەخۆدا بگرێت، گفتوگۆکان کاتی زیاتریان رەخساندووە، ئەوەی ئێران لەم ماوەیەدا دەیکات، ئەوە دیاری دەکات چی لە دوای ئەوە دێت.