سورێن حەمە کەریم
جەنگی (ئێران) و (ئەمەریكا-ئیسرائیل)، كاریگەری ڕاستەوخۆی بەسەر دۆخی سیاسی و ئابووری جیهاندا هەیە. یەكێك لەو ناوچانەی زۆر بەخێرایی كاریگەرییەكانی ئەم جەنگەی تێدا دەركەوت، هەرێمی كوردستانە. لەبەرئەوەی هەرێمی كوردستان لەڕووی جوگرافییەوە هاوسنورە لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێرانداو لەڕووی سیاسیشەوە لەنێوان هەردوو بەرەی ئەمریكاو ئێراندایە.
هەرچەندە لەسەرەتاوە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە بەشێك نین لەم جەنگە، بەڵام ئەم راگەیاندنە نەبووەتە هۆكاری پاراستنی هەرێمەكە لە لێكەوتە نەرێنییەكانی جەنگەكە. لەگەڵ دەستپێكردنی جەنگدا، راستەوخۆ هەرێمی كوردستان كەوتە ژێر كاریگەرییە نەرێنییەكانی جەنگەوە. بەجۆرێك لە یەكەم ڕۆژی جەنگەوە، قەیرانی كارەباو سووتەمەنی سەریانهەڵداوە، كاتژمێرەكانی كارەبا كەمبوونەتەوە، نرخی غاز و سووتەمەنی بۆ سێ هێندە زیادیان كردووە. هاووڵاتیان دەیان سەعات لە سەرەدا دەبن بۆ دەستكەوتنی بتڵێك غاز.
لەڕووی ئەمنییەوە، هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی درۆن و مووشەكی میلیشا شیعەكانی نزیك لە ئێران بووەتەوەو بەردەوام شارەكانی هەرێم بۆمباران دەكرێن. بەم هۆیەشەوە ترس و دڵەڕاوكێی زۆر لەناو هاووڵاتیاندا سەریهەڵداوە. بەجۆرێك لەگەڵ درێژەكێشانی جەنگدا، هێرشەكان چڕتردەبنەوە.
بەهۆی مەترسی هێرشە درۆنی و مووشەكەكانەوە، پرۆسەی خوێندن لەسەرجەم قۆناغەكانی خوێندندا ڕاگیراوە. هاوكات بەهۆی داخرانی گەرووی هورمزو كەمبوونەوەی ئاڵوگۆری بازرگانییەوە، ڕۆژ بەڕۆژ نرخی خواردەمەنی و پێداویستییەكان لەبەرزبوونەوەدان.
دەتوانین بڵێین؛ خەڵكی هەرێمی كوردستان یەكێكن لە قوربانییەكانی ئەم جەنگە بەبێ ئەوەی بەشێك بن لە جەنگەكە. لەڕووی ئەمنی و ئابووری و پەروەردەییەوە زۆرترین قوربانی دەدەن. رووبەڕووی مەترسی هێرشی درۆن و مووشەك و كەمی كارەباو سووتەمەنی و گرانبوونی نرخی خۆراك و داخستنی پرۆسەی پەروەردە بوونەتەوە. لەبەرامبەریشدا، لەلایەن دەسەڵاتدارانی هەرێمیشەوە هیچ پلان و ئامادەكارییەك بۆ ڕوبەڕوبونەوەی قەیرانەكان و دەربازكردنی هەرێم لەم دۆخە بەدی ناكرێت.