پێشەوا عبداللە محمد – چالاکوان
بەرپرسانی پارتی و یەکێتی تا کاتێک بەرژەوەندییەکانیان پارێزراوە، بێدەنگن. بەڵام کاتێک ناکۆکی و ململانێی ناوخۆیان هەڵدەگیرسێت، یەکجار دەبنە شایەتحاڵی تاوان و گەندەڵییەکانی خۆیان.
ئەوان خۆیان دەڵێن: «ئێمە لە بەعس خراپترمان بە خەڵک کردووە.»
خۆیان دەڵێن: «ئەنفالچی و موستەشارەکانی ڕژێمی پێشوومان پاراستووە و لە هەرێم نیشتەجێمان کردوون.»
خۆیان دەڵێن: «فەرمانمان بە دادوەران کردووە دۆسیەکان بە ویستی سیاسی خۆمان یەکلا بکەنەوە.»
ئەگەر ئەم قسانە دروستن، ئەوە تاوانەکان تەنها هی ئەمڕۆ نین؛ ساڵانێکە بە سەر خەڵکدا سەپێندراون.
ئەگەر دروستن، ئەوانەی دەیانزانی و بێدەنگ بوون هاوبەشی تاوانن!.
ئەگەر دروستن، ئەو سیستەمەی بە ناوی دیموکراسی ناسێندرا، لە بنەڕەتدا سیستەمی دابەشکردنی دەسەڵات و بەرژەوەندی بووە.
ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەیە کە ڕاستییەکان کاتێک دەردەکەون کە دەسەڵات، پارە یان بەرژەوەندی دەکەوێتە مەترسی؛ نەک کاتێک مافی خەڵک پێشێل دەکرێت.
بۆیە خەڵک نابێت تەنها گوێ لە دانپێدانانەکانیان بگرن، بەڵکو پێویستە پرسیاری لێپرسینەوە و بەرپرسیارێتی لە هەموو ئەوانە بکەن کە ساڵانێک بەشداریان لە دروستکردنی ئەم واقیعەدا کردووە کە مافی خەڵکی تێدا پێشێل دەکرێت.