ڕاژان ئەحمەد
پەندێکی مێژوویی و داڕزاو لە ناو کۆمەڵگەکەی ئێمەدا هەیە کە دەڵێت: «دەستت بە کڵاوەکەی خۆتەوە بگرە تا با نەیبات.» ئەم ڕستەیە کە ساڵانێکە وەک دانایی و عەقڵانییەت دەدرێتە دەرخواردمان، لە ڕاستیدا ڕەگی سەرەکیی تەواوی ئەو داڕمانە ئەخلاقی، سیاسی و کۆمەڵایەتییەیە کە ئهمڕۆ تێیدا نقوم بووین. کاتێک فەلسەفەی ژیانی گەلێک دەبێتە خۆدزینەوە لە بەرپڕسیارێتی و تەنها ڕزگارکردنی سەری خۆی، ئاساییە کۆمەڵگە تووشی ئەم کارهسات و شڕبوونی دۆخە بێت.
دەسەڵاتێکی گەندەڵ و بێباک لەلایەکەوە سەروەت و سامانی ئەم وڵاتە تاڵان دەکات، دامەزراوەکان دەکاتە کەرەستەی پاراستنی بەرژەوەندیی حیزبی و هەمیشە کار لەسەر دروستکردنی ترس و دابەشکردنی خەڵک دەکات تا کەس نەوێرێت یەکدەنگ بێت، لەلایەکی دیکەشەوە خەڵکێک کە زۆر بە ئاسانی مل بەم واقيعە شوومە دەدەن و تەنها بیر لە بەرژەوەندییە تەسک و زەلیلەکانی ڕۆژانەی خۆیان دەکەنەوە. خەڵک لە ماڵەوە و لە بەرمۆرکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەردەوام گلەیی لە تاڵانی و بێدادی و نادادپەروەری دەکەن، بەڵام کاتێک نۆرەی هەڵوێستی کرداری و قوربانیدان دێت، هەریەکە و ڕوو لە شوێنێک دەکات و چاو لە هەموو تاوان و یاساشکێنییەک دەپۆشێت بەو مەرجەی بەرژەوەندییە بچووکەکەی مەترسیی نەکەوێتە سەر.
ئەم هاوپەیمانییە ناڕاستەوخۆیەی نێوان بێباکی و زوڵمی دەسەڵات لەگەڵ ترسنۆکی و خەمصاردیی کۆمەڵگە، هاوکێشەیەکی کاولکەرانەی دروستکردووە کە تێیدا هەمووان باجەکەی بە گرانی دەدەن.
دەسەڵاتێک کە دەبینێت هیچ شەقامێکی بێزار و توڕە بەڕوویژیدا ناتەقێتەوە، ڕۆژ بە ڕۆژ ملئەستوورتر و ستەمکارتر دەبێت،خەڵکێکیش کە هەمیشە بەدوای پاساودا دەگەڕێت بۆ بێدەنگییەکەی، ڕۆژ بە ڕۆژ کەرامەت و ئازادییەکانی پاشەکشە دەکات. ئێمە ناتوانین بێبەرامبەر و بە بێدەنگبوون داوای گۆڕانکاری بکەین لە کاتێکدا هەریەکەمان لە کونجی بەرژەوەندی و ترسەکانی خۆماندا سەرمان شاردۆتەوە، چونکە لە کۆتاییدا ئەو باهۆزەی هەمووان لێی دەترسان، تەنها کڵاوەکانی نەبردووە، بەڵکو تەواوی ئاییندە، شەرەف، ئابووری و کەرامەتی ژیانمانی ڕافڕاندووە و وڵاتەکەی کردووەتە کاولاشێک کە چیتر هیچ کەسێک تێیدا سەلامەت نییە.