پشتیوان عوسمان
ساڵێک بەسەر شەوی ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥دا تێدەپەڕێت؛ بەڵام بۆ ئێمە، ئەو شەوە هێشتا کۆتایی نەهاتووە.
ئەو شەوە، خەو لە چاوی شاری سلێمانی زڕا. دەنگی درۆن و تانک و ئارپیجی و دۆشکەو جۆرەها چەکی تر، شاری گرتەوە. دەنگی چەک بوو بە ئاوازێکی ترسناک و کڵپەی ئاگر و دووکەڵ، لە جەستەی شەهید ڕێکارەوە بەرز دەبووەوە.
بەڵام ئەو شەوە تەنها شەڕێکی چەکدار نەبوو؛ بەڵکو خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە ململانێیەکی سیاسیی قووڵدا.
یەکلایی کردنەوە ناکۆکییە سیاسییەکان بوو بەهێز و چەک.
لەو ڕووداوانەدا لەدوای شەڕێکی قورس دواجار لاهور شێخ جەنگی و کۆمەڵێک لەهاوڕێکانی خۆیان بەدەستەوەداو دەستگیر کران.
لەو ڕۆژەوە تا ئێستا،کەوا ساڵێک بەسەر ئەو ڕوداوەدا تێپەڕیوە لاهور شێخ جەنگی و کۆمەڵێک هاوڕێی لە زیندانن.
بەڵام پرسیارەکە تەنها ئەوە نییە کە شێخ لاهور تاوانبارە یان بێتاوان.
پرسیاری سەرەکی ئەوەیە:
لە ماوەی ئەم ساڵەدا چی بەسەر ماف و ئازادی و سامانی ئەو کەسە هاتووە؟ و دادگا بۆچی ناتوانێت کۆتایی بە دۆسیەکە بهێنێت؟
لە دیدی من، ئەوەی دوای دەستگیرکردنی لاهور شێخ جەنگی ڕوویداوە، پێویستی بە لێکۆڵینەوەی جددی هەیە.
لە ماوەی ئەم ساڵەدا، بەپێی ئەو بانگەشانەی دەکرێن، تەنها ئازادی شێخ لاهورو هاوڕێکانی نەخراوەتە ژێر پرسیار؛ بەڵکو سامانی و موڵکەکانی و هەندێک دامەزراوە و شوێنە پەیوەندیدارەکانیش دەستیان بەسەردا گیراون.
لەوانەش کەناڵی تەلەفیزیونی زووم و یاریگا و یانەی نەورۆز؛ یانەیەک کە لاهور شێخ جەنگی سەرۆکی بووە.بەڵام ئێستا لەلایەن دەسەڵاتی یەکەمی یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە بەڕێوە دەبرێت.کەناڵی زووم یش تائێستا دەست گیراوە بەسەر ئۆفیسەکانی دا و کەلوپەلەکانی دا و داخراوە ..
ئەمە پرسیارێکی گەورە دروست دەکات:
ئەگەر کەسێک تۆمەتبارە، ئایا سزا پێش بڕیاری دادگا دەست پێ دەکات؟
ئەگەر کەسێک تاوانبارە، ئەوا شوێنی سەلماندنی تاوانەکە دادگایە، نەک بە ویستی دەسەڵات.
ئەگەر کەسێک بێتاوانە، ئەوا کێ مافی ئەوەی هەیە ساڵێک ئازادییەکەی لێ بسێنێت؟
وە ئەگەر دۆسیەکە هێشتا لە دادگایە، بۆچی سامانی کەسێک پێش ئەوەی بڕیاری کۆتایی دادگا بدرێت، دەبێتە مەیدانی دەستبەسەرداگرتن و دەستێوەردان؟
ئەمەیە ئەو شوێنەیە کە دۆسیەی شێخ لاهور لە دۆسیەیەکی تاکەکەسی دەگۆڕێت بۆ پرسیارێکی گشتی سەبارەت بە یاسا و دادپەروەری.
چونکە ئەگەر دەسەڵات بتوانێت کەسێک دەستگیر بکات، دواتر دەست بەسەر مال و موڵکی ، دامەزراوە و شوێنە پەیوەندیدارەکانی بگرێت، و لە هەمان کاتدا ڕێڕەوی دۆسیەکەش بۆ ماوەیەکی درێژ لە دادگا بەبێ بڕیاری کۆتایی بهێڵێتەوە، ئەوا پرسیارێکی زۆر قورس لەبەردەم کۆمەڵگادا دروست دەبێت:
ئایا کێ لە کۆتاییدا بڕیار دەدات؟
دادگا،
یان دەسەڵات؟
ئەوەی نابێت ڕووبدات ئەوەیە کە کەسێک زیندانی بکرێت و دواتر هەموو مافەکانی تر لەدەست بدات، بەڵام دۆسیەکەی لە دادگا بێ بڕیاری کۆتایی بمێنێتەوە.
لە هەمان کاتدا، لاهور شێخ جەنگی بەردەوام داوا دەکات کە دۆسیەکە لە ڕێگەی دادگاوە یەکلایی بکرێتەوە ، داوای ئەوەش دەکەن دۆسیەکە بگوازرێتەوە بۆ دادگای تەمییزی هەولێر، بەهۆی ئەو گومانەی کە دادگاکانی سلێمانی ناتوانن بە تەواوی سەربەخۆ و بێلایەن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکە بکەن.
ئێستا پرسیارەکە دەگاتە خاڵێکی زۆر گرنگ:
ئەگەرئەم دۆسییەیە دۆسیەیەکی تەواو یاساییە بۆ تا ئێستا دۆسیەکە نانێردرێت بۆ دادگای تەمیز؟
ئەگەر هیچ دەستێوەردانێک نییە، ئەوا بۆچی ئەم دۆسیەیە دوای ساڵێک هێشتا کۆتایی پێ نەهاتووە؟
و ئەگەر دەستێوەردان هەیە، ئەوا کێ بەرپرسیارە؟
لە دیدی من، ئەمەیە ئەو پرسیارەیە کە دەبێت ڕاستەوخۆ بخرێتە بەردەم دەسەڵات.
چونکە دادگا نابێت چاوەڕێی فەرمانی دەسەڵات بێ.
دادگا دەبێت یاسا جێبەجێ بکات، نەک فەرمانی دەسەڵات.
لە دۆسیەی لاهور شێخ جەنگیدا، ئەگەر بەڕاستی دەسەڵات بتوانێت کاریگەری لەسەر دادگا و ڕێڕەوی دۆسیەکە دابنێت، ئەوا ئەمە تەنها زوڵمێک نییە لەسەر شێخ لاهور و هاوڕێکانی؛ بەڵکو ئەمە زوڵمە لەسەر خودی دادگا و یاسا و دادپەروەری.
ئەگەر دەسەڵەت بتوانێت بەهۆی هێزی سیاسییەوە کەسێک زیندانی بکات، دەست بگرێت بەسەر ماڵ و سامانی و ، دامەزراوەکانی بخاتە ژێر دەستی خۆی، و لە کۆتاییدا ڕێگە نەدات دادگا بە دۆسیەکەی بگات، ئەوا ئەو کاتە مەترسییەکە بەتەنها بۆسەر شێخ لاهور هاوڕێکانی نییە . بەڵکو مەترسییەکە لەسەر تاک بەتاکی کۆمەڵگەیە ..
چونکە هەرکەسێک دەسەڵاتی هەبێ بێ گۆمان خۆی لەسەرو یاسا و دادگاوەدبینێت و هەرتاوانێکی پێ خۆشبێ ئەنجامی دەدات.
لێرەدا دادگا دەبێت دەنگی ئەو کەسە بێت کە دەسەڵاتی نییە.
بەڵام ئەگەر دادگا خۆی لەژێر ڕکێفی دەسەڵات بێت، ئەوا کەسێک کە دەسەڵاتی نییە دەبێت پەنای بۆ کوێ ببات؟
ئێمە داوای ئەوە ناکەین لاهور شێخ جەنگی لەسەروو یاساوەبێت.
بە پێچەوانەوە، داوای ئەوە دەکەین یاسا بۆ شێخ لاهور و هەموو دەسەڵات دارێک وەک هەموو کەسێکی تر جێبەجێ بکرێت.
ئەگەر تاوانبارە، دادگا با حوکمی بدات.
ئەگەر بێتاوانە، دادگا با ئازادی بکات.
ئەگەر بەڵگە هەیە، دادگا با بیسەلمێنێت.
ئەگەر بەڵگە نییە، با کەسێک بەبێ بڕیاری کۆتایی زیاتر لەوەی یاسا ڕێگەی پێ دەدات لە زیندان نەهێڵدرێت.
ئێمە داوای دادگایەکی تایبەت بۆ شێخ لاهور ناکەین؛ داوای دادگایەکی سەربەخۆ دەکەین.
داوای ئازادی لە یاسا بەدەر ناکەین؛ داوای ئازادی یاسا لە چنگی دەسەڵات دەکەین.
چونکە دادگا ئەگەر سەربەخۆ نەبێت، زیندانییەکە تەنها لە پشت میلەکانی زیندان نییە؛ خودی دادپەروەریش دەکەوێتە پشت میلەکان.
لە کۆتاییدا، پرسیارەکە زۆر سادەیە:
ئایا لاهور شێخ جەنگی دەبێت لەبەر تۆمەتێک بە یاسا حوکم بدرێت، یان دەبێت بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە لە زیندان بمێنێتەوە؟
و پرسیاری گەورەتر:
ئایا دادگا بۆ خزمەتی دەسەڵاتە، یان دادگا بۆ جێبەجێکردنی یاسا و بەدیهێنانی دادپەروەرییە؟
وەڵامی من ڕوونە:
دادگا دەبێت لە دەستی دەسەڵەتدار دەربهێنرێت.
دادوەر دەبێت تەنها یاسا جێبەجێبکات.
سامان و ئازادیی هیچ کەسێک نابێت پێش بڕیاری دادگا ببێتە غەنیمەی دەسەڵات.
و یاسا دەبێت دەبێت بۆ هەموان وەک یەک بێت بێ جیاوازی چینایەتی و پلەو پۆست؛ تەنانەت لەسەر ئەو کەسانەش کە خۆیان بە دەسەڵاتی یەکەم دەزانن.
چونکە ئەگەر دەسەڵات لەسەرو یاسا بێت، ئەوا هیچ کەسێک لە زوڵم و بێدادیدا پارێزراو نییە.