موحەمەد محمود ئەندامی ڕێکخراوی داکۆک
سەرکردەی سەرکەوتوو متمانە بەخۆبوون، توانای بڕیاردان و شێوازی مامەڵەبوونی دروست لە کاتی بارودۆخە سەختەکاندا هەیە دەتوانێت ڕووبەڕووی بێتەوە و ڕێگا چارەی گونجاو بدۆزێتەوە بۆ تێپەڕاندن.
سەرکردەی لێهاتوو خۆپەرست و خۆبەزلزان و عیناد نییە و چارەنووسی گەل ناکاتە قوربانیی بڕیارەکانی خۆی.
سەرۆکی سەرکەوتوو هەمیشە لە کاتی بڕیارداندا بە ئاگایە و بێترس و بێ کاریگەریی هەست و نەستی بڕیارە دروستەکان دەدات، کە لە بەرژەوەندیی گەل و نیشتیماندا بێت.
سەرۆکی لێهاتوو هەمیشە گوێ لە ڕاو بۆچوونی جیاواز دەگرێت و خاڵێ بەهێز و لاوازی خۆی دەزانێت، پێشنیار بە هەند وەردەگرێت و ڕەخنەی دروست قبوڵ دەکات.
سەرۆکی کارامە هەمیشە ژیرە لە بەڕێوبردنی کار و باری دەوڵەت و بەشێوەی ئامادە و پلاندا کاردەکات بە جۆرێک ئامادەیە سەردانی شار و شارۆچکەی جیاواز بکات و لە نزیکەوە لەگەڵ خەڵک بێت و گوێ لە کێشە و گرفتەکانیان بگرێت.
سەرۆکی لێهاتوو بە ئەزموونی کارەکەیەوە ئیلهام بەخشە بۆ هاوڵاتیان و هانیان دەدات بۆ داهێنان و سەرکەوتن و گەشتن بە ئامانجیان.
سەرۆکی لێهاتوو ڕاستگۆ و یەکسانە لەگەڵ خۆی و هاوڵاتیاندا و بنەمای دادپەروەری لە مامەڵە کردن لەگەڵ هەموان پەیڕە و دەکات.
سەرۆکی لێهاتوو ژینگەیەکی ئارام و ئاسایش دروست دەکات بۆ هاوڵاتیان، بە جۆرێک هەموو کەس مافی دەربڕینی ڕای خۆی بە ئازادی هەبێت.
سەرکردەی سەرکەوتوو هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی بەهێز دروست بکات لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، و لە کاتی تەنگانە و قەیراندا بە شێوەیەکی هێمنی و دانای هەوڵ دەدات کێشەکان چارەسەر بکات.
سەرکردەی سەرکەوتوو بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەسەڵات و ئەرک و بەرپرسیارێتی وەردەگرێت و مەبەستی سەرەکیی بەدەستهێنانی دەسەڵات بۆ ماوەیەکی زۆر نییە و تەماحی لە مانەوەیدا نیە. لە پێناوی بەرژەوەندیی گشتی، ڕێز لە یاسا و دامەزراوەکان دەگرێت و دەزانێت دەسەڵات مافی تایبەتیی کەسێک نییە.
سەرکردەی لێهاتوو پێش هاتنە سەر دەسەڵات و دوای ڕۆشتن لەسەر دەسەڵات، لە هەمان ئاست و پێگەدا دەبێت. و پێش هاتنی چ ماڵ و سەروەتێکی هەبوە دەبێت دوای ڕۆشتنیشی بەهەمان شێوە بێت.
سەرکردەی لێهاتوو دوای ڕۆشتن وڵاتێکی ڕازاوە،جوان و پڕ لە بەرهەم ودەرفەت جێ دەهێڵێت.
سەرکردەی لێهاتوو باوەڕی بە سیستەمی دیموکراسی و ڕادەستکردنی دەسەڵات هەیە،هەوڵنادات بەزۆرە ملێ یان بەگۆڕینی یاسا لەسەر دەسەڵات بمێنێت. هێزی چەکدار بۆ پاراستن،ئەمن و ئاسایشی دەوڵەت بەکاردێنێت.
سەرکردەی لێهاتوو ڕێگا نادات نەوەکانی ببنە خاوەنی دەزگا و دامەزراوە کۆمپانیاکان،ڕێگا نادات منداڵەکانی لە پێگەی بەرزتر بن لە جوانترین وڵات و باشترین زانکۆی جیهان بن. جیاوازی ناکات لە نێوان ئەوان و خەڵکەکەی.
بەڵێ، لە هەرێمی کوردستانیش دەتوانرێت سەرکردایەتییەکی وامان هەبێت؟