نوسین: ڕەوەند حوسێن
مەترسى سەرەکیی ئەو قسەیە لە کوێدایە؟
ئێستا کە لە زارى باڵاترین بەرپرسی سیاسى و دەسەڵاتداریى هەرێمى کوردستان، بەڕوونى دان بەوەدا دەندرێت، کە حیزبەکانى ئۆپۆزسیۆنى کۆمارى ئیسلامى ویستوویانە شتێک بکەن و نامەسئولانە جوڵاونەتەوە،
ئایا تۆ بڵێى کۆمارى ئیسلامى لە هەوڵەکانى بۆ نەهێشتنى ئەو هێزانە لە هەرێم، یان پاسیڤکردنیان تا ئاستى نەبوون، کۆڵ بدات؟
ئەگەر کۆڵ نەدات، ئایا هەرهەرێم رازى دەبێت(کە هیچکات باوەڕ ناکەم هەرێم رازى بێت)؟ ئەگەر رازى نەبێت چى دەبێت؟ ئەى ئایا هێزەکانى خۆرهەڵات خۆیان دەدەن بە دەستەوە؟ ئەگەر خۆیان نەدەن بەدەستەوە.
چى دەبێت(کە هیچکات باوەڕ ناکەم خۆیان بدەن بە دەستەوە)؟ ئەگەر هەرێم فشاریان بۆ درووست بکات، چى دەبێت؟ بە کورتییەکەى ئێستا هەرێم لە هەلومەرجێکى ئاڵۆزدایە و زیاد لە هەمیشە دەتوانێت لەژێر بارى فشاردا بێت. بۆ؟ چونکە ئەگەر رازى بێت زەخت لەسەر هێزەکانى خۆرهەڵات درووست بکات، چ بەوەى کە لە هەرێم نەمێنن، یان تا ئاستى نەبوون پاسیڤ و بەندیان بکات، ئەوا لە هەردوو حاڵەتەکەدا بە زەرەرى هەرێم دەشکێتەوە؛
یەکەم ئەوەى کە وەکو ئەوە وایە بزمار لە تابوتى خۆى بدات لە بەرامبەر کۆمارى ئیسلامى، دووەمیش ئەوەیە بۆ لانیکەم نەوەیەک(یان تا گۆڕانێکى دراماتیکى هەلومەرج) دڕدۆنگییەکى زۆر خراپ لەنێوان خۆرهەڵات و دەسەڵاتى سیاسى باشوور درووست دەبێت، کە بێگومان بەر لە هەرشتێک باشوور زەرەرى لێدەکات، چونکە خۆرهەڵات لە حاڵى حازردا هیچى نییە لە دەستى بدات.
بەڕاستى ئەوەش بڵێم؛ Rudaw …..
لە ماوەى شەڕى ١٢ رۆژە و دواتریش ٤٠ رۆژە، گەورەترین رەخنەى ناوخۆى رۆژهەڵات و دیاسپۆراى کوردى و تەنانەت خەڵکى باشوورى کوردستانیش لە حیزبەکان ئەوەبوو، کە بۆچى ناجوڵێن.. ئەو دەنگۆیە و ئەو هەڵا سۆشیال میدیاییەش کە درووست بوو، ئەگەرچى لەم سەردەمەدا.
کۆنترۆڵکردنى ئاستەمە، زۆرتر (Rudaw ) کردى. هەر (Rudaw )بوو بۆ یەکەمینجار گوتى دۆناڵد تڕامپ قسەى لەگەڵ سەرۆکەکانى کورد کردووە.
هەر (Rudaw )بوو هاوارى کرد کە دۆناڵد تڕامپ قسەى لەگەڵ یەکێک لە سەرکردەکانى خۆرهەڵات کردووە و ئیتر سۆشیال میدیاى گەرم کرد.
هەر (Rudaw ) بوو لە زارى شڕۆڤەکارە سیاسییکانییەوە، باسى ئەگەرى هێرشى زەمینی، لە ئان و ساتدا، هێنایە گۆڕێ و….هتد.
باشوور ئێستا وەکو گەورەترین ئومێد و هیواى کوردان وایە؛ رەنگە لە هەموو پارچەکانى دیکە، خەڵکى خۆرهەڵات زیاتر باوەڕیان بەمە هەبێت و قوربانیشیان بۆ دابێت؛ کەس لارى لەسەر ئەوە نییە کە بە هەمووان دەبێ باشوور بپارێزین.
دواجار دەبێ هەموومان بزانین، سەرەنجام ئەوە تەنیا کوردە بە کەڵکى کورد دێت، بەڵام بەشى هەرەزۆرى ئەوەى ئەگەر ئەردۆغان، ئەحمەد شەرع و دەسەڵاتدارانى کۆمارى فەرشى سوورمان بۆ رادەخەن، بەهۆى هێزى کوردبوونمانەوەیە(هێزێکى زیاتر لە چل و پێنج ملیۆن کەس لە چوار پارچەى کوردستان). بۆیە بە بڕواى من پێویستە زۆر بە وردى لەپێوەندى لەگەڵ پارچەکانى دیکەى کوردستان هەلسوکەوت بکەین و ئەندازیارییەکى پڕ وردەکارى بخەینەگەڕ؛ بابەتێک کە زۆر گرنگە بۆ پاراستنى بوونى کورد لەم سەردەمە پڕ لە گۆڕانکارییە خێرایەدا.