گمۆ کەریم
لەکاتێکدا بەرپرسانی هەولێر و بەغدا لەسەر کورسی و پشکی نەوت خەریکی سەودا و مامەڵەن، سەدان هەزار خێزان لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی گەورەترین پێشێلکاریی مافی مرۆڤ دەبنەوە کە بریتییە لە بڕینی سەرچاوەی بژێوییان. بۆ زیاتر لە دە ساڵە، قەیرانی درەنگکەوتن و نەدانی مووچە بووەتە پەتی سێدارە لە ملی فەرمانبەران، مامۆستایان، و هێزە ئەمنییەکانی کوردستان. ئەمە قەیرانێکی “تەکنیکی” نییە وەک ئەوەی حکومەتە درۆزنەکان بانگەشەی بۆ دەکەن، بەڵکو سزایەکی بەکۆمەڵ و برسییکردنێکی سیستماتیکە کە تێیدا مووچەی هاوڵاتییان کراوەتە بارمتەی ململانێیەکی پیسی سیاسی لە نێوان پارتی، یەکێتی، و بەغدادا. کاتێک حکومەت نەتوانێت یان نەیەوێت بۆ زیاتر لە ٦٠ ڕۆژ یەک مووچە دابەش بکات، تەنانەت لەپێش جەژنەکانیشدا، ئیتر چ پاساوێک دەمێنێتەوە بۆ مانەوەی ئەم قەوارە فەشەلخواردووە؟
ئەم کارەساتە مرۆییە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی یەکێتی (ناوچەی سەوز) گەیشتووەتە ئاستێکی تەقینەوە. مامۆستایان و فەرمانبەران بەهۆی نەبوونی کرێی هاتوچۆ و پارەی نان، ناچار بوون پەنا بۆ بایکۆتی سەرتاسەری و مانگرتن لە خواردن ببەن، کە بەهۆیەوە پڕۆسەی پەروەردە و خوێندن بەتەواوی ئیفلیج بووە. لەبری ئەوەی دەسەڵاتدارانی یەکێتی (کە خۆیان خاوەنی ملیۆنان دۆلاری قاچاخچێتیی مەرزەکان و سەرانەی بازاڕەکانن) چارەسەرێک بدۆزنەوە، یان پارتی وەکو حکومەتی هەرێم بەرپرسیارێتی هەڵبگرێت، هەردووکیان خەریکی تۆمەتبارکردنی یەکتر و بەغدان. هەر کاتێکیش هاوڵاتییانی برسیی سلێمانی دەیانەوێت بڕژێنە سەر شەقامەکان بۆ داواکردنی مافەکانیان، هێزە ئەمنییە قەڵەوەکانی حیزب کە خۆیان بە پارەی دزراو بەخێو دەکرێن، بە چەک و هەڕەشە سەرکوتیان دەکەن و ڕێگری لە خۆپیشاندان دەکەن.
هەرچی سنوری دەسەڵاتی پارتییە کە بە (ناوچەی زەرد) ناسراوە، هیچ مرۆڤێک بۆی نیە بە ئازادی هەناسە بدات.
کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ ئەم دۆخەی بە “پێشێلکارییەکی گەورەی دەستووری و مرۆیی” ناوبردووە، چونکە نەک تەنها ژیانی فەرمانبەرانی خستووەتە مەترسییەوە، بەڵکو تەواوی بازاڕ و ئابووریی کوردستانی وێران کردووە و خەڵکی ناچار بە کۆچی بەکۆمەڵ کردووە. لە لایەکەوە وەزارەتی دارایی عێراق بە بیانووی جیاواز ناردنی پارە ڕادەگرێت، و لە لایەکی تریشەوە حکومەتی هەرێم ئامادە نییە شەفاف بێت لە داهاتی ناوخۆ و نەوتەکەیدا. لەم نێوەندەدا، ئەو چینە ئۆلیگارشییەی کورد کە خۆیان خاوەنی کۆمپانیا و بانکەکانن، هیچ زیانێک ناکەن، بەڵکو ئەوە باوکی منداڵێکی نەخۆشە کە ناتوانێت دەرمان بکڕێت، و مامۆستایەکە کە لە شەرمەزاریدا ناتوانێت سەیری چاوی منداڵەکانی بکات!