یاریزانانی هەڵبژاردەی نیشتمانی عێراق جەختیان لەسەر ئامادەیی تەواوی خۆیان کردەوە بۆ ئەنجامدانی یاریی پاشکۆ ی چاوەڕوانکراو، بە بەرزترین ئاستی ئامادەیی و سەرنجدان، ئەمەش بەهۆی درککردنیان بەو بەرپرسیارێتییە گەورەیەی لەسەر شانیانە و گرنگی ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە لە دیاریکردنی داهاتوی تۆپی پێی عێراق، لە یەکێک لە گرنگترین وێستگە وەرزشییەکانی ساڵانی ڕابردودا.
هەڵبژاردەی نیشتمانی لە لێدوانێکدا کە ماڵپەڕی فەرمی هەڵبژاردەکە بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاند: “یاریزانانی شێرەکانی ڕافیدەین بەوپەڕی ئامادەییەوە دەچنە ناو ئەم ڕوبەڕوبونەوەیە”، جەختیشی کردەوە کە “گیانی نیشتمانپەروەری گەورەترین پاڵنەرە بۆ بەدیهێنانی سەرکەوتن، و هێزی گەلی عێراق لە دڵ و لە قوڵایی خۆشەویستی نیشتمان و تەبایی نێوان ڕۆڵەکانییەوە سەرچاوە دەگرێت، ئەم ڕۆحیەتەش لە ناو یاریگادا ڕەنگدەداتەوە”.
پێویستە یاریزانان لاپەڕەی ڕابردو دابخەن و بە تەواوی سەرنج بخەنە سەر یاریی داهاتو، کە بە گرنگترین یاریی لە ژیانی وەرزشی هەموان وەسفی کرد، ئامانجیشیان تەواوکردنی ئەرکەکەیە و دڵخۆشکردنی جەماوەری عێراقە .
کەرار نەبیل، یاریزانی هەڵبژاردەی نیشتمانی جەختی کردەوە کە هەڵبژاردەکە بە شێوەیەکی نمونەیی ئامادەکاری کردوە بەهۆی کارە بەردەوامەکانی دەستەی هونەری و سەرنجی بەرزی یاریزانان.
نەبیل ڕونی کردەوە کە هەمو ئامادەکارییەکان بۆ ئەم یارییە چارەنوسسازە بوە، کە بە گرنگترین یاریی چەندین دەیەی ڕابردو دادەنرێت، چونکە پەیوەستە بە خەونی جەماوەر بۆ گەیشتن بە کۆتاییەکانی مۆندیال. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئامادەیی جەستەیی یاریزانان لە ئاستێکی بەرزدایە بەهۆی بەشدارییە بەردەوامەکانیان لەگەڵ یانەکانیان.
لە کۆتایی قسەکانیدا، کەرار نەبیل سوپاسی گەلی مەکسیکی کرد و ستایشی پێشوازییە گەرمەکەیانی کرد، و وتی ئەم میواندۆستییە کاریگەرییەکی ئەرێنی لای هەمو ئەندامانی هەڵبژاردەکە دروست کردوە.