محەمەد کەریم
بەهۆی پێگەی جوگرافی و سیاسی هەستیاری هەرێمی کوردستانەوە ناوچەکە ڕاستەوخۆ کەوتووەتە نێو ململانێیەکانەوە ، لەم ماوەی دواییدا تووشی کاریگەرییەکی جددی بووە لە چەندین بواردا.
لە سەرەتای دەسپێکی ئاڵۆزیەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا – ئیسرائیلەوە ژمارەیەکی بەرچاو لە هێرشی موشەکی و درۆن ئاراستەی هەرێم کراون. بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە رۆژی ( ٢٤ / ٣ / ٢٠٢٦ )نزیکەی 6 پێشمەرگە شەهید کراون و ٢٢ دیکەش بریندار کران لە قەزای ( خەلیفان )دا ، لە کۆتا هێرشەکاندا لە رۆژی ٧ / ٤ / ٢٠٢٦ هێرشێکی درۆنی کرایە سەر ماڵی پێشمەرگەیەک لە گوندی ( زەرگەزەی ) بووە هۆی شەهیدبوونی خۆی و خێزانەکەی، و دوو منداڵی بچووکیان لە دوای خۆیان جێهێشت . زۆربەی ئەم هێرشانەش بۆ سەر پارێزگای هەولێر کراوان .
ئەم هێرشانە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر دامەزراوە گرنگەکانی وزە هەبووە. کێڵگەی گازی خۆرمۆر، کە یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی گازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بووە ئامانجی هێرشەکان. ئەمەش بووە هۆی کەمبوونەوەی دابینکردنی کارەبا و دروستبوونی کەمی لە سوتەمەنی دا .
لە هەمان کاتدا داخستنی ئاسمانی هەرێم بۆ فڕین، بەهۆی ئەو هێرشانەوە ، کاریگەرییەکی خراپی لەسەر چالاکییە ئابوورییەکان و گواستنەوەی هاوڵاتیان دروستکرد .
لە لایەکی ترەوە ، ئەم بارودۆخە کاریگەرییەکی کۆمەڵایەتیی هەبووە، وەک زیادبوونی ترس و دڵەڕاوکێی نێو هاوڵاتیان و کاری کردۆتەسەر ژیانی ڕۆژانە .
لە کۆتاییدا بەردەوامبوونی ئەم هێرشانە دەکرێت کاریگەرییەکی خراپتر لەسەر ئاسایش، ئابووری و ژیانی کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان دروست بکات، ئەگەر هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ کەمکردنەوەی ئەم مەترسییانە نەگیریتەبەر .