سەرتیپ مەولان
ڕۆژنامەگەریی کوردی شانازی بە مێژووی پڕ لەسەروەری ڕاگەیاندنی خۆیەوە دەکات ، چونکە لەکاتێکدا یەکەم ژمارەی خۆی خستە بەر دیدی خوێنەران کوردستان لەژێر دەسەڵاتی داگیرکراندا بوو . بەڵام بەداخەوە دەبینین ئەمڕۆ لە هەموو ڕۆژێ زیاتر کاری ڕاگەیاندن دوور دەکەوێتەوە لە بنەما سەرەکێکەی خۆی ، بێ لایەنی لەدەست داوە تەنها کەمینەیەکی کەم نەبێت دەنگ و قەڵەمیان بەجوانی پاراستوە . بەداخەوە ڕاگەیاندنی کوردی لە ئەمڕۆدا کراوە بە کاڵایەک و گوزارشت لە بەرژەوەندیەکانی حیزبی فەرمانڕەوا دەکات و وەک ئامڕازێکە بۆ گۆڕینی ڕای گشتی ، بێ دەنگن بەرامبەر پێشێلکاریەکان و ڕاستیەکان بەلاڕێدا دەبەن ، قەیرانێکی پیشەیی و ئەخلاقیان لەنێو کاری ڕاگەیاندندا دروست کردووە .
بۆیە پێویستە کاری ڕۆژنامەگەری بگەڕێتەوە بۆ بنەماکانی ڕۆژنامەگەری ، کاری ڕاگەیاندن سەربەخۆ و ڕاستگۆبێت لە چاودێریکردنی دەسەڵات و گەیاندنی ڕووداوەکان وەکو خۆی ، بۆ ئەوەی ڕۆژنامەگەری و میدیا دووبارە متمانەی هاوڵاتیان بەدەستبهێنێتەوە ، زیندان شوێنی ئازادیخوازان و ڕۆژنامەنوسان نەبێت وەکو چۆن لە پێشودا بینیمان و بەردەوامن لە سەری . فیشەکی لولەی تفەنگەکان ڕوو نەکاتە سنگی ڕۆژنامەنوسانی ئازاو بوێر ژیانیان پارێزراوبێت .
ڕۆژنامەگەریی کوردی لەو قەیرانە دەرچێت کە دەسەڵات هۆکارێتی ، دووبارە ببێتەوە بەو دەنگەی کە متمانە و ڕێز و ڕاستی لە هاوڵاتیان وەردەگرێت .