بڕوا پیرۆت محمد- چالاکوان لە وڵاتی بەریتانیا
بێدەنگی، کە هەمیشە وەک زمانی ڕازیبوون لێکدراوەتەوە، لە کوردستاندا بووەتە مەترسیدارترین چەکی دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی بۆ درێژەدان بەم دۆخە تاڵە. ئەو ڕستە ئاشنا و ترسناکەی لە منداڵییەوە بە گوێماندا دراوە (بێدەنگبە، دار و دیوار گوێی هەیە) ئەمڕۆ بووەتە دروشمێکی بێدەنگ کە تەواوی کۆمەڵگەی کوردی ئیفلیج کردووە. ئەو ترسەی لەگەڵ نەریتی کلاوەکەت بگرە با با نەیبات گەورە کرا، بەرهەمەکەی دروستکردنی هاووڵاتییەکە کە تەنانەت بۆ سەرەتاییترین مافەکانیشی جورئەتی دەنگ هەڵبڕینی نییە.
دەسەڵاتی کوردی دوای زیاتر لە ٣٤ ساڵ لە حوکمڕانی، لەجیاتی ئەوەی ئاوڕێک لە ژیان و خزمەتگوزارییەکانی هاووڵاتیان بداتەوە، بووەتە شارەزای پلە یەک لە ناسینی سایکۆلۆژیای خەڵک. ئەوان بەردەوام مێژوو، خەبات و کوردایەتی وەک کاڵایەکی کۆن بەسەر هاووڵاتیاندا دەفۆشنەوە، بە جۆرێک ڕەفتار دەکەن کە گوایە خۆیان خاوەنی ڕەهای نیشتمانن و خەڵکیش تەنیا کرێچییەکی بێمافن کە دەبێت مانگانە سوپاسگوزاری ئەوە بن کە لە ماڵەکانی خۆیاندا دەرنەکراون.
ئەم مامەڵەیەی دەسەڵات بێهۆکار نییە،بەڵکو بەشێکی زۆری دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناهۆشیاری و خۆگونجاندنە بێدەنگەی لەناو کۆمەڵگەدا ڕەگی داکوتاوە. لە شارێکدا یا کۆمەلگەیدا کە ماف نادڕێت بەڵکو دەسەنرێت، ملکەچبوون بۆ واقيعێکی تاڵ تەنیا بێباکی دەسەڵاتداران زیاتر دەکات. بەردەوامبوون لەسەر ئەم ڕازیبوونەی ئێستا، بە مانای لەناوبردنی داهاتووی نەوەکانی داهاتووە،کاتێک لەخەو هەڵدەستین نیشتمانێکمان دەستگیر دەبێت کە وێنەی وێرانییەک دەدات و دەیان ساڵی دیکەی پێویستە تا لە سفرەوە بنیاد بنرێتەوە.