صاڵح محمود گەڵاڵی
لە خورشیدەوە بۆ خاوەر ،بێگومان ئەبێ لە گومانەوە تێپەڕین و حەقیقەت بەچاوەکانمان ببینین، ڕەوشی کۆمەڵگا باشترین ئاوێنەیە بۆ ئەوەی لە مێشکی سیاسیەکانمان تێ بگەین، ئەوەی دەیبینین ڕاستیەکی مێژوییە کە لە تێز و تێگەشتننی سەرکردایەتی سیاسی کوردەوە سەرچاوەی گرتوە و زایراوەتە ناو تەواوی جومگەکانی کۆمەڵگا.
سەرکردایەتی سیاسی کورد کە یەکێتی و پارتی ڕێبەرایەتیان دەکرد ناتوانن مێژوی خۆیان بسڕنەوە، ناتوانن لولەی تفەنگەکانیان کە لەبەرانبەر یەکتر وەستاندیان لەشاخ بیسڕنەوە، ناتوانن خوێنی براکوژیان کە بەسەر تاشەبەردەکانی شاخدا ڕشتیان بیسڕنەوە ، ناتوانن تاڵانیەکانیان کە لەگوندەکانی کوردستان دەیان کرد بیسڕنەوە ، ناتوانن داوێنپیسیەکانیان کە بەررانبەر گوند نیشینانی کوردستان ئەنجامیان دەدا بیسڕنەوە.
ئێ هەر ئەو مێژوە پیس و چڵکنەیە درێژ کرایەوە بۆ ناو شار و ئێستا بەناوی حکومەتی کوردیەوە بەرجەستەی دەکەن.
هێشتا دێوە زمەی جەنگی ناوخۆ لە خەیاڵی یەک بەیەکی گەورە سیاسی تا بچوکترین ئەندامیاندا هەیە، ماڵ بەماڵی هەر ئەندامێکی ئەو دو حیزبە چەکی تێدایە و ئامادەی بەکار هێنانە لەئەگەری هەر فەرمانێکی حیزبدا.
جگە لەوەی کۆمەڵگایان بەشێوەیەک پەرت و لێک ترازاند تا ئاستی خێڵ گەرایی و عەشیرەت گەرایی ، کە بۆ هەمیشە برینێکە و ساڕێژ بونی تا لێواری ئەستەم ئەستەمە.
ئەوان خورسیدیان هێنا و کردیانە پێشەنگێکی خێڵەکی بۆ ئەوەی سەرۆک خێل و عەشیرەتێکی یاخی هەبو بەگژیدا بکەن، بەڵام کاتێک زانیان ئیتر خورشید وا خەریکە دەبێتە حیزبۆچکەیەک و لە پیاهەڵدانی خاوەر تێپەڕیوە تا ئاستی بانگەشەی هێز ، واخەریکن بە نەیەرێک تا کوشتن لەگەڵ خورشید هەرکیدا بچنە جەنگەوە.
خورشد و خاوەرەکانی زۆنی سەوز ئەگەر کارەساتبار تر نەبن لە ئاستی زۆن زەرد دا ئەوا هاوتایە و هیچی کەمتر نیە.
لالە زار و کارەساتە درێژ کراوەکانی ناو لالەزار بەڵگەی حاشا هەڵنەگری جەنگێکە کە لەشاخەوە براکان و ئامۆزا و نزیکەکانی یەکتر ئەنجامیان دەدا.
ئەو حەقیقەتە هێندە دوری خستینەوە لە خەیاڵی باش بونی کوردستان دەکرێ بۆ هەمیشە ئومێدی باش بون بۆ ڕەوشی کۆمەڵگای کوردی باشو نەزایرێتە نێو مێشک و خەیاڵدانمانەوە.
ئەگەر دەلاقەیەک هەبێت تا لێوەی نەفەس و هەوایەکی ئازادی تێدا هەڵمژین تاراوگەیە ، ئەو تاراوگەی کە تەنها ئازادیمان پێ دەبەخشێ بۆ وتن بۆ گریان بۆ هاواری ئەو ئازارە قوڵەی کە جەستەی کۆمەڵگاکەمانی شەکەت و ماندوو کردوە.
ئێستا ئەو دوو حیزبە هەمو شتێکیان ڕەنگ کردوە بە ڕەنگی خۆیان ، دایەنگە و ڕەوزە و قوتابخانەکان تا دەگاتە پەیمانگا و زانکۆکان، شەقام خانو درەخت و عەمودی کارەباکانیش هەر حیزیبن و ڕەنگ گرتوی ئەو دو حیزبەن، حەنانەت تەنەکەی خۆڵەکانیش ڕەنگی زەرد و سەوزیان گرتوە .
ئەوان قوڵ بیر دەکەنەوە چۆن خەیاڵەکانی ئێمە لەم تاراوگەیە سەر ببڕن ، بیر دەکەنەوە زۆر قوڵ بیر دەکەنەوە چۆن ئازایەتی و بوێریەکانمان ژەهر خوارد کەن و بیان کوژن.
ئەوان ئێستا لە کەمیندان تا بەیەک فیشەک قەڵەمەکانمان شەهید بکەن و بۆ هەمیشە دەفتەر و کاغەزەکانی بەردەستمان بەهەتیوی بمێننەوە.
ئەوان وەک عەجاج دەیانەوێ پەنجەکانمان ورد و خاش بکەن تا بۆ هەمیشە قەڵەم نەگرن و دو پەنجەی سەرکەوتن بەرز نەکەنەوە.
بەڵێ ئەوان لەکەمیندان بۆ کوشتنی ئازادی .