هێمن نجیب علی
ئەگەر ئێمە بپرسین
کامیان زیاتر کوردیان ناساند بە جیهان؟! نامۆ فاضیل یان ریفراندۆمی ٢٠١٧؟
لە هەموو جیهاندا، ناسنامەی نەتەوەکان تەنها بە سیاسەت دروست نابێت، بەڵکو لە ڕێگەی وەرزشو هونەر، ئەدەبو مۆسیقا، هەروەها سینەماو فیلم میللەت ئەگەیەنن بەجیهان
ئەو وڵاتانەی هۆشیارن گرنگی بەهێزێکی لەسەرخۆو نەرمونیان ئەدەن بۆ ناساندنی خۆیان، چونکە ناساندنی نەتەوەکان زیاتر لەڕێگەی کلتورو سەرکەوتنە کەسی و مرۆییەکان دەبێت نەک تەنها بە دروشم و سیاسەت.نامۆ فاضیل باشترین نمونەیە بۆ ئەم بابەتە.
لێرەدا بابەتێکی تر وەک نمونە پێم باشە باسیکەم، نزیکەی سێ دەیەیە ناوی بەرازیل لەگەڵ رۆناڵدۆ و تۆپی پێ دەهێنرێت، کە بەڕازیلی ناساندووە بە جیهان بەڵام زۆربەی خەڵکی جیهان تەنانەت ناوی سەرۆکی حکومەتی بەرازیل نازانن. مێسی ئەرجەنتینی نمونەیەکی ترە رۆناڵدۆی پورتوگالی بەهەمان شێوە، ئەمە مانای ئەوەیە وەرزش دەتوانێت وڵاتێک زیاتر لە هەزاران کۆنفرانس و وتاری سیاسی بناسێنێت.
ئەمشەو نامۆ فازیل، وەک بۆکسێنەرێکی کورد و نەوەی سەلاحەددینی ئەیوبی، شتێکی گەورەی کرد. لە ناو هۆڵێک لە ئەمریکا، ئاڵای کوردستان بەرز بووەوە، گۆرانی و نەشیدی کوردی پەخش کرا، و ناوی کوردو کوردستان گەیشتە ملیۆنان بینەر. ئەو بە دەنگی بەرز ڕایگەیاند:
“نە عەرەبم، نە ئیرانیم، نە تورکم… هەر کوردم و بە کوردی دەمێنم.”
ئەم شەش خولەکە بۆکسینە، لە ڕاستیدا، کاریگەرییەکی زۆر گەورەتری هەبوو لە زۆر کۆبوونەوە و دروشمی سیاسی. میللەتانی جیهان بینیان کە کورد تەنها ناوێکی سیاسی نییە؛
کورد گەلێکە ئاڵای هەیە،زمانی هەیە،مێژووی هەیە،کولتوری هەیە،پاڵەوانی هەیەو دەتوانێت سەرکەوتوو بێت.
لە ساڵی ٢٠١٧دا خەڵکی کوردستان بەوپەڕی هیوا و هەستێکی نەتەوەیی چوونە سەر سندوقی دەنگدان. بۆ سەربەخۆیی کوردستان، بەڵام دەرئەنجام ئەو ڕیفراندۆمە بەهۆی هەڵەی سیاسیو ناکۆکی ناوخۆ و نەبوونی پشتگیریی نێودەوڵەتی، بووە هۆکاری لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە خاکی کوردستان، ئابلوقەدانی دراوسێکانی لەهەمولایەکەوەو داخستنی فڕۆکەخانەکان، وەئاوارەبوونی خەڵک و بریندار بوون و شەهیدبوونی ژمارەیەک پێشمەرگە. ئەو ڕۆژە ڕەشە بوو بە برینێکی قووڵ لە مێژووی نوێی کورد.
بەڵام ئەمشەو نامۆ فازیل بە مشتەکۆڵەو و ئاڵا و ناسنامەی خۆی، شتێکی کرد کە نە ڕیفراندۆمەکە کردی نە زۆر سیاسەتمەدار . ئەو جیهانی ئاگادار کردەوە کە کورد هێشتا ماوە، هێشتا شوناسی خۆی پاراستووە و هێشتا دەتوانێت سەرکەوتن دروست بکات.
ئەمە گرنگترین وانەیە بۆ سیاسییەکانی کوردستان:
لۆبی و ناوبانگ تەنها بە پارە و چەک دروست نابێت؛بە ڵکو ئەتوانرێت بە وەرزش، کولتور، هونەر و زانست دروست ببێت.
نامۆ فازیل ئەمشەو گەورەترین لۆبی بوو بۆ کوردستان.
بەڵام پێویستە ئاگاداربین؛
پاڵەوانەکان کاتێک لەدەستەچن کە دەسەڵات هەوڵ بدات بیانکات بە بەشێک لە پرۆژە سیاسییەکانی خۆی. نامۆ تەنها نوێنەری کوردە، نەک نوێنەری دەسەڵات و بەرپرسانی گەندەڵی یەکێتی و پارتی، ئەگەر دەستی سیاسەت و دەسەڵات بچێتە ناوژیانو کارەکانی بێگومان ئەو پاکی و خۆشەویستییەی خەڵک بۆی هەیە، ئەو جەماوەرە دڵسۆزە لەدەست ئەدات.