ئاروەند ڕزگار
لە کاتێکدا جەژنی قوربان نزیک دەبێتەوە، شەقامی کوردی لە جیاتی بۆنی جەژن، بۆنی بێئومێدی و دوکەڵی قەیرانی لێ دێت. لێرە، تەنیا شتێک کە جێگیر بێت و گۆڕانی بەسەردا نەیەت، بەڵێنە بریقەدارەکانی سەرکردەکانە کە وەک مەرهەمێک دەیخەنە سەر برینەکان، بەڵام برینەکان هێندە قووڵن، بە قسەی باق و بریق چاک نابنەوە.
لەم نیشتیمانەی وێرانەی ئێمەدا،هەموو ساڵێک بە نزیکبوونەوەی جەژن، دووبارە شاشەی تەلەفزیۆنەکان دەبنەوە بە مەزادخانەی نیشتمانپەروەری و مەزادخانەی درۆ. سەرکردەیەک باسی سەقامگیری دەکات لە کاتێکدا گیرفانی هاووڵاتی وەک بیابان وشک بووە، یەکێکی تریان باسی گەشەسەندن دەکات و کەچی تاکە شت گەشەی کردبێت، ژمارەی پاسەوانەکانی و نرخی تەماتەیە لە بازاڕدا.
لە عێراق، جەژن بۆ دوو جۆر مرۆڤە:
یەکەم بۆ بەرپرسەکان کە لە پشت دیوارە بەرزەکانەوە، لەناو تەلاری تژی لە نیعمەت، باسی سەقامگیری و گەشەسەندن دەکەن و جەژنانەیان پۆست و ئیمتیازە.
دووەم بۆ هاونیشتمانیان کە دەبێت لە نێوان گۆشتی قوربانی و کرێی خانوو و پاشەکەوتی مووچە، یەکیان هەڵبژێرن.
لە فەرهەنگی سیاسیی ئەم نیشتیمانەی ئێمەدا، ماناکان سەرەوژێر بوونەتەوە. لە جەژنی قورباندا، چاوەڕوان دەکرێت ئاژەڵێک بکرێتە قوربانی، بەڵام لێرە ساڵانێکە خەڵک کراوەتە قوربانی پایە و کورسی و ململانێی حیزبەکان.
بەرپرسەکە: لە ئەورووپاوە وێنەی سێڵفی بە جلی براندەوە دەگرێت و دەڵێت: جەژنی هەژاران پیرۆز بێت.
باوکەکە: لەبەردەم پەنجەرەی بانکەکاندا، بۆنی جەژن لە دەستی ئەو ژمێریارەدا دەبینێت کە پێی دەڵێت: لیستەکە نەهاتووە.
سیاسەتمەدارانی ئێمە جۆرە جادوویەکیان پێیە کە دەتوانن لە یەک کاتدا هەم ببنە هۆکاری قەیرانەکە و هەمیش ڕۆڵی ڕزگارکەر بگێڕن. ئەوان جەژنانەی خەڵک بە دواکەوتنی مووچە دەدەنەوە و دواتر بە پەیامێکی فەیسبووک، هیوای جەژنێکی خۆش بۆ ئەو میللەتە دەخوازن کە خۆیان نانیان لەسەر خوانەکەی بڕیوە.
جەژن دەبوو کاتی خۆشی بێت، بەڵام لە سایەی ئەم سیاسەتە چەوتەدا، بووەتە کاتی خەمخواردن بۆ ئەوەی چۆن سفرەیەک دابنێ کە شەرمەزاری منداڵەکانت نەبیت.
لەکۆتاییدا، پێشنیار دەکەم ئەمساڵ لە جیاتی پیرۆزبایی، تابلۆیەک لەسەر دەرگای شارەکان هەڵبواسرێت و لەسەری بنوسرێت: بەخێر بێن بۆ هەرێمی قەیرانەکان، جەژن لێرە تەنیا بۆ ئەو کەسانەیە کە جەستەیان لێرەیە و حیسابە بانکییەکانیان لە سویسرا. جەنابی سەرکردە، دەستەکانت مەخەرە سەر سنگت بۆ پیرۆزبایی، چونکە ئەو دەستانە پێشتر نانی ناو دەستی منداڵەکانمانت پێ بژاردووە. ئێوە جەژن بکەن، ئێمەش خەریکی ژماردنی ئەو ڕۆژانە دەبین کە تێیدا دەبنە تەنیا لاپەڕەیەکی ڕەش لە مێژووی ئەم نیشتمانەدا.