پرسی ئازادی خۆپیشاندان پرسێکی بنچینەیی هەموو کۆمەڵگەیەکە پەیوەندی بە ماف و هێزو دەربڕینی بیروڕای ئازادەوە هەیە لە ڕێگەی گردبونەوەی جەماوەری و ڕێپێوان و مانگرتنەوە هەڵوێست وەردەگیرێت بۆ داواکردنی ماف دژ بە نادادی دەسەڵات .
لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە ژێرناوی ئازادی خۆپیشاندان کۆمەڵێک یاسا دەرچوە بۆ ڕێکخستنی ئەو مافە بنچینە مەدەنییە ، بەڵام حکومەتی عێراق و هەرێم هیچ ئەزمونێکی دیموکراسی نیە بۆ پاراستنی مافی خۆپیشاندەر . ئەو یاسایانەش کە دەریانکردووە کۆت و بەندی بڕگەکانیان کردووە ، بە هۆی ترسی لە دەستدانی دەسەڵاتەکەیان . لەکاتی ئەنجامدانی خۆپیشاندانیش دا لەڕێگەی دەزگا زانیاریەکانیان و ئەندامانی حیزبیەکانیانەوە چاودێری دەخەنە سەر بەشداربوانی خۆپیشاندانەکان .
ئەم ئەزموونی چاودێریەیان گواستۆتەوە بۆ نێو نوێنەرایتی و باڵوێزخانەکانیان ، لە خۆپیشاندانەکانی ڕەوەندی کوردی و ئەندامانی ڕێکخراوە مەدەنی و سیاسیەکان دا کە ناڕازین لە سیستەمی خۆسەپێنی و چەکداری و میلیشیایی و دیکتاتۆری مەزهەبی لە عێراق و هەرێمی کوردستان ، لەڕێگەی کارمەندانی نوێنەرایەتی و باڵوێزخانە و کۆنسۆڵخانەیانەوە دەستیانکردوە بە وێنەگرتن و ڤیدیۆیی ئازادیخوازان ، ئەمە ترس و مەترسیە و گیان و ژیانی ئازادیخوازان دەخاتە مەترسیەوە لە گەڕانەوەیان بۆ ناوچەکانی خۆیان و زۆر جاریش گیانی کەس و کاریان دەکەوێتە مەترسیەوە بەهۆی بەژداریان لە ناڕازیەکان دا .
ڕێکخراوی داکۆک بۆ ماف و ئازادیی لە وڵاتی بریتانیا لە درێژەی کاروچالاکیەکانیان دا لە ٩ ئازاری ٢٠٢٦ چالاکیەکیان ڕێکخستبوو لە پێش باڵوێزخانەی عێراق لە لەندەن و کۆنسوڵخانەی عێراق لە مانچستەر بۆ داواکردنی دەستبەجێ هەڵوەشاندنەوەی گروپە میلیشیایەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق دا . بەشداربوانی چالاکیەکە بە بەڵگەوە ڕایانگەیاند لە کۆنسوڵخانەی عێراقەوە وێنە و ڤیدیۆیان تۆمار کراوە ، لەو کاتەدا توانیویانە ئەو پێشێلکاریە تۆمار بکەن کە ڕەنگە ببێتە هۆی مەترست لەسەر ژیانیان ، چونکە دەزانن حەشدی شەعبی هێزێکی میلیشیایی لە یاسا دەرچووە ، دەستڕا گەشتنیان بەو ڤیدیۆ و وێنانە ژیانیان لەکاتی گەڕانەوەیان توشی مەترسی دەکاتەوە و خێزانەکانیانیش لە عێراق بەدەر نابن لەو مەترسیە .
ئەم کارە لە وڵاتێکی دیموکراسی وەک شانشینی یەکگرتوی بریتانیادا ، دوورە لە هەموو بەها یەکی دیموکراسی ، چونکە دەربڕینی ناڕەزایەتی بە شێوەی مەدەنی بەشێکە لە ئازادی مرۆڤ بە مەرجێک ئاشتیانەو دوور لە توندوتیژی و زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵی هاوڵاتیان و دەوڵەت و پێشێل نەکردنی پیرۆزیەکان بێت .