ئاسۆ جەمال سدیق-چالاکوان و پاریزەر
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی گەنجانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە دوای تەواوکردنی خوێندن و دەرچوون لە زانکۆ، هەلی کاری گونجاویان بۆ دابین نابێت. زۆرێک لە خوێندکاران ساڵانێکی زۆر لە خوێندن بەسەر دەبەن بە هیوای ئەوەی داهاتوویەکی باشیان هەبێت، بەڵام دوای دەرچوون ڕووبەڕووی بێکاری و بێهیوایی دەبنەوە.
یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کێشەیە، لاوازی بازاڕی کار و نەبوونی پڕۆژە ئابوورییەکانە. هەرێمی کوردستان پێویستی بە وەبەرهێنان و دامەزراندنی کارگە و کۆمپانیا نوێی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت هەزاران گەنجی دەرچوو وەربگرێت. بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووری و ملمڵانێی سیاسی، هەلی کار کەم بووەتەوە.
هەروەها، هەندێک جار سیستەمی پەروەردە و خوێندن لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار هاوتا نییە. واتە زۆرێک لە خوێندکاران پسپۆڕییەک دەخوێنن کە داواکاریی کاری بۆ کەمە، یان ئەو شارەزاییانە فێر نابن کە کۆمپانیاکان پێویستیان پێیەتی. ئەمەش وای کردووە زۆرێک لە گەنجان، یان بێکار بمێننەوە یان کاری نالەبار و دوور لە بواری خوێندنەکەیان بکەن.
نەبوونی هەلی کار تەنها کێشەیەکی ئابووری نییە، بەڵکو کاریگەریی دەروونی و کۆمەڵایەتیی هەیە. زۆرێک لە گەنجان هەست بە بێهیوایی و فشار دەکەن و هەندێکیش بیر لە کۆچکردنەوە بۆ دەرەوەی وڵات دەکەن. ئەگەر ئەم دۆخە بەردەوام بێت، داهاتووی گەنجان و پێشکەوتنی کۆمەڵگا تووشی مەترسی دەبێت.
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، پێویستە حکومەت و کەرتی تایبەت زیاتر گرنگی بە دابینکردنی هەلی کار بدەن، وەبەرهێنان هان بدرێت و سیستەمی خوێندن بگونجێندرێت لەگەڵ پێداویستییەکانی بازاڕی کار. بەو شێوەیە گەنجان دەتوانن بەهیوابن بە داهاتووی خۆیان و خزمەت بە وڵاتەکەیان بکەن.