پەرلەمان، کە لە تیۆرییە سیاسییەکاندا وەک بڵندترین دەسەڵاتی یاسادانان و سەمبولی ویستی گەل دەناسرێت، لە ئەزموونی حوکمڕانیی هەرێمی کوردستاندا زیاتر لە بازاڕێکی دراوگۆڕین یان شانۆگەرییەکی درێژخایەن دەچێت کە تێیدا سەودا و مامەڵە بە ئایندە، گوزەران و مافە سەرەتایییەکانی هاووڵاتیانەوە دەکرێت. هەرچەندە ئەرکی سەرەکیی تەلارسازانی یاسا ئەوە بوو ژیانێکی شایستەتر و ئایندەیەکی گەشتر بۆ کۆمەڵگە بنیات بنێن، بەڵام کاتێک تەماشای واقعی دەسەڵاتی خۆجێیی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان دەکەین لە دوای ساڵی ١٩٩١ەوە تا بڕیاردانەکانی ئەمڕۆ، دەبینین ئەم جەستە یاسایییە لەبری گەشەپێدان، زیاتر بووەتە حەوشەیەکی دواوە بۆ حیزبە باڵادەستەکان تا کێشە ناوخۆیی و ڕێککەوتنە ژێرخانییەکانی خۆیانی تێدا پەسەند بکەن.
لەبری ئەوەی یاسا بێتە خزمەتی ڕۆژانەی خەڵک و نەهێشتنی بێکاری و باشکردنی خزمەتگوزارییەکان، پڕۆسەی سیاسی وەک زنجیرەیەک لە دواکەوتن و پاشەکشەی بەردەوام خۆی دەنوێنێت. پارتی و یەکێتی کاتێک پێویستیان بە شەرعیەت و سەلماندنی خۆیانە، بەپەلە باسی سندوقی دەنگدان، مافی هاووڵاتی و دیموکراسی دەکەن، بەڵام هەر کە دەنگەکان کۆکرانەوە و کورسییەکان دابەش کران، پەرلەمان دەکەوێتە دۆخی سڕبوون و چاوەڕوانییەکی بێ کۆتایی بۆ ڕێککەوتنی ژوورە تاریکەکان. بەجۆرێک کە پڕۆسەی پێکهێنانی دامەزراوە یاسایییەکان و دەستبەکاربوونیان، دەبێتە قوربانیی پشکپشکێنە و دابەشکردنی دەستکەوتە حیزبییەکان و وەزارەتەکان.
لەم هاوکێشە ناهاوسەنگەدا، دیموکراسی تەنها بووەتە نمایشی سەر شاشەی تەلەفزیۆنەکان و دروشمی بریقەداری ناو کۆبوونەوە فەرمییەکان، لە کاتێکدا لە واقیعدا سیستەمێک بەڕێوە دەچێت کە زیاتر لە دکتاتۆرییەتی حزبایەتی و خۆبەڕێوەبەرییەکی زۆناغە سەربەخۆکان دەچێت. دابەشبوونی دەسەڵات و بڕیارەکان بەسەر جەمسەرە جیاوازەکاندا نیشانی دەدات کە بەرژەوەندیی نیشتمانی هیچ جێگەیەکی نییە کاتێک بەرژەوەندی و هەژموونی حیزبی ئامادەیی هەبێت. لە کۆتاییدا، تەنها لایەنێک کە لەم درامایەدا سوودمەندی ڕاستەقینەیە و بەرهەمی ئەم پڕۆسەیە دەچنێتەوە، خودی ئەندامانی پەرلەمان و کەسایەتییە حیزبییەکانن کە ئیمتیازات، مووچەی خەیاڵی و پلەوپایەکان کۆدەکەنەوە، لە کاتێکدا هاووڵاتیی ئاسایی تەنها وەک تەماشاکەرێکی بێئومێد دەمێنێتەوە کە دەبێت باجی گران و ئەنجامی ئەم یارییە سیاسییە بێئەنجامە بباتە سەر شان.
بڕوا پیرۆت موحەممەد
١٧/٠١/٢٠٢٦