سوپای پاسدارانی ئێران هێرشەكەی سەر هێزەكانی پێشمەرگە
لە ئەستۆ دەگرێت، بەڵام زانیاریی ناڕاست بڵاو دەكاتەوە و بانگەشەی ئەوە دەكات كە مۆڵگەی هێزەكانی ئەمریكا و گرووپە جوداخوازەكانـی بەئامانج گرتووە.
بەشی پەیوەندییە گشتییەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوی ژمارە 42ـی خۆیدا دەڵێت “بەیانی ئەمڕۆ 24-03-2026، سوپای كۆماری ئیسلامیی ئێران، مۆڵگەی هێزەكانی ئەمریكا و گرووپە جوداخوازەكان كە لەلایەن قەوارەی زایۆنییەوە (ئیسرائیل) پاڵپشتی دەكرێن، بەئامانج گرت .
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە، هێرشەكە بە “ژمارەیەك مووشەكی
زەمین بە زەمین” ئەنجام دراوە و ئەو شوێنەی كراوەتە ئامانج لەناو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بووە.
سوپای پاسداران شوێنە بەئامانجگیراوەكەی بە “ناوەندێكی گرنگی پشتیوانی و سەرپەرشتیكردنی ئۆپەراسیۆنی هێزەكانی ئەمریكا” ناو بردووە. هەروەها دەڵێت ”هاوكات بنكەی گرووپە جوداخوزەكانە كە هۆكاری دروستكردنی پشێوی لە سنوورەكانی ڕۆژئاوا و باكووری ڕۆژئاوای ئێرانن”.
ئەم بانگەشەی سوپای پاسداران لە كاتێكدایە بوونی هیچ هێرشێكی لەو شێوە لەناو فڕۆكەخانەی هەولێر تۆمار نەركراوە، بەڵكوو ئەو شوێنەی بەیانی ئەمڕۆ لە دەوروبەری كاتژمێر 02:00 بە مووشەكی تۆماهۆكی ئێرانی كراوەتە ئامانج، دوو بارەگای هێزەكانی پێشمەرگە بووە لە ناوچەی سپیلك لە قەزای خەلیفان سەر بە ئیدارەی سۆران، كە زۆر جیاوازە لەو شوێنەی سوپای پاسداران باسی دەكات.
بەپێی ڕاگەیاندنەکە فەرمیی وەزارەتی پیشمەرگەی هەرێمی كوردستان، لە دوو هێرشدا كە “بارەگایەکی فیرقەی ٧ـى پیادەی دەڤەری ١ و هێزێکی فرقەی ٥ـى پیادەی هێزی پێشمەرگە” بەئامانج گیراون، “شەش پێشمەرگە شەهید و 30 پێشمەرگەی دیكە بریندار بوون”.